گرووپی حەنزەلەی ئێران هۆشداریی بۆ 400 ئەفسەری ئەمەریكی دەنێرێت

:: AM:10:44:05/05/2026 ‌
گرووپی هاككەرزی "حەنزەلە" كە گرووپێكی سەربە ڕژێمی ئیسلامیی ئێرانە، دووپاتی كردەوە كە توانیویەتی زانیاریی ورد لەبارەی 400 ئەفسەری هێزی دەریایی ئەمەریكا دەست بكەوێت و لەو ڕێگەیشەوە نامەی بۆ مۆبایلە پارێزراوەكانیان ناردووە و هۆشداریی پێداون.

گرووپەكە لە ڕاگەیەنراوێكدا كە میدیاكانی ئێران بڵاویان كردووەتەوە و نووسیویەتی، لە میانەی ئۆپراسیۆنی سایبەری بە ناوی "مەرگی پێشوەختە" توانیویانە دەست بە زانیاری زۆر وردی 400 ئەفسەری هێزی دەریایی ئەمەریكا لە كەنداو بگرن، سەرجەم داتا و زانیارییەكانیش لە یەكێك لە بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە وڵاتانی كەنداو براوە و ئەو ئەفسەرانەیشی زانیارییان ئێستە لای گرووپەكە هەیە، لە ئاوەكانی كەنداو بڵاو بوونەتەوە و بوونیان هەیە.

ئاماژەی داوە، زانیارییەكان زۆر وردن لەبارەی پلەی سەربازی و یەكەی ئۆپراسیۆنەكان و زانیاریی كەسی و ماڵباتی ئەفسەرەكان، ئەو كارەیشی تەنیا وەك هۆشدارییەك ناو بردووە و دووپات لەوە دەكاتەوە، توانای هەیە چاودێری وردی كەشتیگەلی ئەمەریكا لە ناوچەكە بكات.

لە نامەیەكیشدا كە گرووپەكە بۆ مۆبایلی تایبەت و پارێزراوی ئەو ئەفسەرانەی ناردووە هاتووە، سێبەری موقاوەمە هەموو جووڵەكانتان بە ئامانج دەگرێ و هیچ كەشتییەك و بنكەیەكی سەربازی نییە كە لە بەرچاوەكانمان ون بێ و نەتوانین پێی بگەین.

لە نامەكەدا ئەوەیش هاتووە، بە دیاریكردنی ڕێ لووتبەرزی و دوژمنكاری لەلایەن ئێوەوە، مەرگی پێشوەختەی خۆتان هەڵبژاردووە و دەریا چیتر بۆ ئێوە شوێنێكی سەلامەت و ئارام نییە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د