تەقینەوەی كارگەیەك لە چین 21 كوژراو و 61 برینداری لێ دەكەوێتەوە

:: AM:10:53:05/05/2026 ‌
میدیاكانی چین ئەمڕۆ بڵاویان كردەوە كە بەهۆی تەقینەوەیەك لە كارگەیەكی تایبەت بە یاریی ئاگرین، بووە هۆی كوژرانی 21 كەس و برینداربوونی 61 كەسی تر. تا ئێستە هۆكاری رووداوەكە ئاشكرا نەكراوە و لێكۆڵینەوەی لێ دەكرێت.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ سێشەم پێنجی ئایار، ئەو تەقینەوەیەی كارگەیەكی تایبەت بە یاریی ئاگرینی لە چین بڵاو كردووەتەوە، كە بووەتە هۆی كوژرانی 21 كەس و برینداربوونی 61 كەسی تر. ئاژانسی "شینخوا"ی چینی ئاماژەی داوە، تەقینەوەكە دوێنێ بووە و لە كارگەیەكی تایبەت بە یاریی ئاگرین كەوتووەتەوە، كارگەكە دەكەوێتە شاری چانجچا لە كەرتی هونان.

هاوكات رۆژنامەی "چاینا دێڵی" بڵاوی كردووەتەوە، ئەو كارگەیە كۆمپانیای هواچینج بۆ دروستكردنی یاریی ئاگرین لە شاری لیویانج بەڕێوە دەبات كە لەڕووی كارگێڕییەوە سەربە شاری چانجایە. ئەو كارگەیە سەنتەرێكی گەورەیە بۆ دروستكردنی یاریی ئاگرین.

هەرلەوبارەیەوە تەلەڤزیۆنی فەرمیی "سی سی تی ڤی"، ئەمڕۆ چەند گرتەیەكی بڵاو كردووەتەوە كە لە شوێنی تەقینەوەكە دووكەڵێكی سپی بەرز دەبێتەوە، هاوكات چەندان دامەزراوەی تریش لە نزیكی رووداوەكە زیانیان پێگەیشتووە.

باس لەوە دەكرێ كە 500 كەس لە پیاوانی رزگاركەر لە شوێنەكەدان و هەوڵی رزگاركردنی تووشبووانی رووداوەكە دەدەن، هاوكات دەستیان لە لێكۆڵینەوە كردووە تا بزانرێ هۆكارەكەی چی بووە.

لەبارەی رووداوەكەوە شی جین بینج سەرۆكی چین، داوای كردووە هەموو تواناكان بەكار بێنن بۆ رزگاركردنی بریندارەكان و دۆزینەوەی ونبووەكان. بۆیە داوای كردووە بە خێرایی لە هۆكاری تەقینەوەكە بكرێت و ئەوانەی بەرپرسن لێی، بە توندی لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت و سزا بدرێن.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د