نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب كۆبووەوە، سەرۆكایەتیی هەرێمی لە راگەیەنراوێكدا دەڵێ، "دۆخی سیاسیی وڵات و پێكهێنانی حكوومەت تاوتوێ كرا".
ئەمڕۆ سێشەم پێنجی ئایار، لە بەغدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ قەیس خەزعەلی كۆبووەوە و لە راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، "لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی سیاسیی وڵات، پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی فیدراڵی، دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەكە و لێكەوتە و كاریگەرییەكانی بەسەر عێراقەوە، تاوتوێ كران".
راگەیەنراوەكە ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات، "هەردوولا دووپاتیان لە گرنگیی لێكگەیشتنی هاوبەش بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بەردەوامیی هاریكاریی نێوان هێزە سیاسییەكان كردەوە، بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەكان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات و تەواوی پێكهاتەكانیدا.
دوێنێ سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا، لەگەڵ زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق كۆبوونەوەی ئەنجام داوە، لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و شایستەكانی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی داهاتوودا.