واشنتن 10 ملیۆن دۆلار بۆ زانیاریدان لەبارەی ئەكرەم كەعبی دیاری دەكات

:: PM:08:40:05/05/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ سەرقاڵیی ئەمەریكا بە شەڕی ئێران، ئەو چاوێكی لەسەر عێراقە، كە بە قۆناغێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و خەریكی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتەكەیەتی، كە بە بەردەوام لە كابینەكانی پێشوو لەژێر گوشار و كاریگەریی میلیشیاكان و ئێران كاری كردووە، دوای ژمارەیەك فەرماندەی میلیشیاكان، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا 10 ملیۆن دۆلاری بەرانبەر بە زانیاریدان لەسەر ئەكرەم كەعبی تەرخان كرد.

بەپێی پۆستێكی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا لە تۆڕی ئێكس، ئەكرەم كەعبی فەرماندە و دامەزرێنەری بزاوی نوجەبایە، كە لەو گرووپە چەكدارانەیە كە سەر بە ئێرانە، ئەندامانی ئەو گرووپە لە هێرشەكانی سەر دامەزراوە دیپلۆماسی و بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا تێوەگلاون.

پۆستەكە زیاتر دەڵێت، بەهۆی ئەو هێرشانەوە كارمەندێكی گرێبەستێكی ئەمەریكی كوژرا و ژمارەیەك سەرباز بریندار بوون، ئەو پاداشتە داراییەش لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی تایبەتە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر كەسە تێوەگلاوەكان لەو چالاكییانەی هەڕەشە لە ئاسایش دەكەن، وەزارەتەكە داوای كرد هەر كەسێك زانیاری لەسەر كەعبی هەیە، لە رێگەی كەناڵی تایبەت پێوەندی بكات، لەوانە هێڵی گەرم لە تۆڕی "توور" یان ئەپڵیكەیشنی سیگنال، ئەوانەی زانیاری دەدەن پاداشتی دارایی وەردەگرن.

ئەو هەنگاوەی ئەمەریكا بۆ كردنەئامانجی میلیشیاكانی ئێرانە كە لە ساڵانی رابردوو، بەتایبەتی بەدرێژایی شەڕە 40 رۆژییەكەی دژ بە ئێران، لە عێراقەوە دامەزراوە دیپلۆماسی و بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكایان بۆردمان كردووە، پێش كەعبیش، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا پاداشتی دارایی بۆ زانیاریدان لەبارەی هەریەك لە ئەبو ئالا وەلایی سەركردەی كەتیبەكانی سەید شوهەدا و حەیدەر غەراوی سەرۆكی بزاوی ئەنساروڵای ئەوفیا دیاری كردبوو.







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل