رێبوار بابكەیی: پارتی سازش لەسەر مافەكانی هەرێمی كوردستان ناكات

:: PM:09:32:05/05/2026 ‌

دوێنێ سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق گەرموگوڕتر بوو، پەرلەمانتارێكی پێشووی كوردستان ئاماژە دەكات كە پارتی كار لەسەر پێكهێنانی حكوومەتێك بۆ هەموو عێراقییەكان دەكات، سازش لەسەر مافە دەستوورییەكانی هەرێم ناكات و ئەو مافانە وەك مەرجی سەرەكیی بەشداریكردنی لە حكوومەتەكەی عەلی زەیدی دادەنێت.

شەمووی رابردوو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی راسێردراوی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە هەولێر لەگەڵ مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و دواتر لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆ بووەوە و باسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقیان كرد، ئەو ئاشنای داواكارییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، كە دەكاتە داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان و پێكهاتەی كورد لە عێراق.

رێبوار بابەكەیی پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان دەڵێت، پارتی لەگەڵ پێكهێنانی حكوومەتێكی هەموو پێكهاتەكانە لە عێراق، توانای مامەڵەكردنی بە بەرپرسیارەتی لەگەڵ دۆسیە جیاوازەكان هەبێت، بەتایبەتی مووچە و بەشەبودجەی هەرێم و دەركردنی یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمان، دووپاتی كردەوە كە پارتی سازش لەسەر مافە دەستوورییەكانی كوردستان ناكات و ئەو مافانە وەك مەرجی سەرەكیی بەشداریكردنی لە پێكهاتەی حكوومەتی نوێ بە سەرۆكایەتیی زەیدی دادەنێت.

دووپاتی كردەوە كە سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا بە نوێنەرایەتیی هەموو كوردستان بوو، چاوی بە ژمارەیەك هێزی سیاسی كەوت و دووپاتی لە چەند دۆسیەیەك كردەوە پێوەست بە رووداوە سیاسییەكانی دوایی، لەوانە هێرشەكانی سەر هەرێم، جیا لە باسكردنی دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی و پێویستیی كۆتاهێنان بەو دۆسیە و پەلەكردن لە دەركردنی یاسای نەوت و غاز و بابەتی تریش. 

بابەكەیی دووپاتی كردەوە، داواكارییەكانی پارتی زانراوە و پێوەستن بە مافە دەستوورییەكانی هەرێم، پێشوازیی نێودەوڵەتیی بە راسپاردنی زەیدی، مانای ئەوە نادات پارتی سازش لەسەر مافە دەستوورییەكانی هەرێم بكات، بەڵكو سوورتری دەكات لەسەر داوای پێویستیی چارەسەركردنی ئەو دۆسیانە لە چوارچێوەی دەستوور.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل