ئەمڕۆ سێشەم پێنجی ئایاری 2026، عەلی موتەهەری پەرلەمانتاری پێشووی ئێران، وردەکاریی نوێی سەبارەت بە چۆنیەتیی کوژرانی عەلی لاریجانی ئاشکرا کرد کە یەکێک بوو لە ئەندامانی خێزانێکی سیاسیی دیاری ئەو وڵاتە. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە پرۆسەی کوشتنەکە لە ناو "ماڵێکی ئارام" لە شاری "پەردیس"ـی سەر بە پارێزگای تاران ڕووی داوە.
موتەهەری لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی "فارس"ـی ئێرانی ڕوونی کردەوە کە بەئامانجگرتنەکە لە "فازی دووەم"ـی شارەکەدا بووە، لەو کاتەشدا لاریجانی بەتەنیا بووە و خەریکی "پەرستش" بووە. هەروەها ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە دەیانگوت ڕووداوەکە لە ماڵی کچەکەیدا بووە، دووپاتیشی کردەوە کە شوێنەکە بارەگایەکی تایبەت بە ئاسایش بووە.
سەبارەت بە سروشتی هێرشەکە و شوێنەوارەکانی، موتەهەری ڕای گەیاند کە هێزی تەقینەوەکە یان پرۆسەی کوشتنەکە بووەتە هۆی زیانێکی زۆر گەورە بە تەرمەکەی و گوتی، جەستەی شەهید بەتەواوی پارچەپارچە بووە بەهۆی پرۆسەی کوشتنەکەوە، دۆخی تەرمەکەش بەڕوونی پێشانی دەدا کە لە کاتی تەقینەوەکەدا یان بەتەواوی وەستابوو، یان لە دۆخی دانیشتندا بووە و سەرقاڵی پەرستش بووە.
ئاماژەی بەوەش دا، لە جەستەی شەهید تەنیا دەستێکی مابووەوە، لە کاتێکدا ناسینەوەی ڕووخسار و سەری بەتەواوی مەحاڵ بوو. ئەم دیمەنەشی بە بەڵگەیەک بۆ توندیی ئەو بەئامانجگرتنە وەسف کرد کە کراوەتە سەر شوێنەکە.
لە هەمان چوارچێوەدا، ئەو بەرپرسەی پێشوو ئاماژەی بەوە دا کە مورتەزا لاریجانی کوڕی عەلی لاریجانی، لە کاتی هێرشەکەدا لە هەمان شوێن بووە، بەڵام لە برینێکی کوشندە ڕزگاری بووە بەهۆی ئەوەی خەوتبوو و لە سەنتەری تەقینەوەکەوە دوور بووە، ئەمەش وای کردووە جەستەی پارێزراو بێت لەو پێکانە ڕاستەوخۆیانەی بەهۆی ڕووداوەکەوە دروست بوون.