ئەمەریکا پڕۆژەبڕیارێک بۆ پاراستنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز دەخاتە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش

:: PM:10:42:05/05/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم پێنجی ئایاری 2026، مارکۆ ڕووبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕای گەیاند کە وڵاتەکەی بەنیازە پڕۆژەبڕیارێک پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات بەمەبەستی پاراستنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز.

ڕووبیۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە دا، پڕۆژەبڕیارەکە بە بەشداریی هەریەک لە عەرەبستانی سعوودیە، قەتەر، ئیمارات، کوێت و بەحرێن داڕێژراوە، ئەوەش لە چوارچێوەی جووڵەیەکی هاوبەشی نێودەوڵەتیدا بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ڕێڕەوە دەریاییە گرنگەکان.

بەگوتەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پڕۆژەکە داواکاریگەلێک لەخۆ دەگرێت کە ئاراستەی ئێران کراون بۆ وەستاندنی هێرشەکانی لە گەرووەکەدا، هەروەها خۆبەدوورگرتن لە چاندنی مینی دەریایی یان سەپاندنی سەرانە بەسەر ئەو کەشتییانەی پێیدا تێپەڕ دەبن.

ڕووبیۆ ئەوەشی خستە ڕوو کە، پڕۆژەبڕیارەکە داوا لە تاران دەکات ژمارە و شوێنی ئەو مینانە ئاشکرا بکات کە لە گەرووەکەدا چێندراون، لەگەڵ هاوکاریکردن لەو هەوڵە نێودەوڵەتییانەی بۆ هەڵگرتنەوەیان دەدرێن.

پێشتر لەمڕۆ سێشەمدا، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) دووپاتی کردەوە کە توانایەکی چڕوپڕیان لە گەرووی هورمزدا هەیە بۆ دابینکردنی چەترێکی بەرگریی ئاسمانی بۆ هێزە دەریاییەکان و پاراستنی ئازادیی هاتوچۆ.

لە لایەکی ترەوە، تۆڕی (سی ئێن ئێن)ـی ئەمەریکی لە زاری سەرچاوەیەکی ئیسرائیلییەوە بڵاوی کردەوە کە ئیسرائیل لە سایەی پەرەسەندنی گرژییەکانی گەرووی هورمز، لەگەڵ ئەمەریکادا هاوئاهەنگی دەکات، ئەمەش هەڕەشە لەسەر بەردەوامیی ئەو ئاگربەستە دروست دەکات کە لەگەڵ ئێراندا هەیە.


وشە - پۆڵا مەحموود