ئەمڕۆ سێشەم پێنجی ئایاری 2026، مارکۆ ڕووبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، کۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنی "تووڕەیی داستانئامێز"ـی ڕاگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی بەتەواوی ئامانجە دیاریکراوەکانی خۆی پێکاوە، لە هەمان کاتدا دووپاتی کردەوە کە سەرۆکی ئەمەریکا بژاردەی شەڕی پێ باش نییە.
ڕووبیۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، پڕۆژەبڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش بە هاوبەشی لەگەڵ شانشینی عەرەبستانی سعوودیە، قەتەر، ئیمارات، کوێت و بەحرێن داڕێژراوە، پڕۆژەکە داواکارییەکی ڕوون لەخۆ دەگرێت بۆ ئێران تا کۆتایی بە هێرشەکانی و چاندنی مین بهێنێت، هەروەها واز لە وەرگرتنی سەرانە و باجی نایاسایی لە گەرووی هورمز بهێنێت.
بەگوتەی ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە، لە بڕیارە پێشنیازکراوەکەدا داوا لە تاران کراوە ژمارە و شوێنی ئەو مینە دەریاییانە ئاشکرا بکات کە لە گەرووی هورمزدا بڵاوی کردوونەتەوە، هەروەها دەبێت هاوکاریی پێویست پێشکەش بکات بۆ هەڵگرتنەوەیان.
ڕووبیۆ هێمای بۆ ئەوەش کرد کە چەند گۆڕانکاری و هەموارێک لە دەقی پڕۆژەکەدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، ئەمەش بۆ زامنکردنی ئەوەیە کە مافی ڤیتۆی دژ بەکار نەهێنرێت.
لە چوارچێوەی ڕێڕەوە دیپلۆماسییەکەشدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە ئێران کرد کە بێتە سەر مێزی دانوستانەکان و ئەو مەرجانە قبووڵ بکات کە خراونەتە ڕوو، ڕوونیشی کردەوە کە هەوڵێکی دیپلۆماسیی چڕ لەلایەن هەریەک لە ویتکۆف و کوشنەرەوە لەم بارەیەوە دەدرێت. لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە بوونی ئەگەرێکی ڕاستەقینە کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و لبنان.