پارتی وڵاتپارێزانی كوردستان: توركیا بە ژەهری مشك ژن و منداڵی كوردی كوشتووە

:: AM:09:15:06/05/2026 ‌
پارتی وڵاتپارێزانی كوردستان رای گەیاند، پێویستە دەوڵەتی توركیا ددان بە مافە نەتەوەیی و مێژووییەكانی گەلی كورددا بنێت. بۆ جینۆسایدی دێرسیم و ئەو تاوانانەی بەرانبەر كورد كراون، بە فەرمی داوای لێبوردن بكات.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی كوردستان (PWK)، بە بۆنەی 89 ساڵەی جینۆسایدی دێرسیم ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە. 

لە بەیاننامەكەیدا دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە كۆمەڵكوژییەكەی ساڵی 1937 ڕووداوێكی ئاسایی نەبوو، بەڵكو بەشێك لە سیاسەتی سیستماتیكی قڕكردنی نەتەوەی كورد بوو.

بەیاننامەكە وەبیری هێناوەتەوە كە لە ڕێكەوتی چواری ئایاری 1937دا، بە ڕەزامەندیی مستەفا كەمال ئەتاتورك و فەوزی چەكماك، "بڕیاری شاندی وەزاری لەبارەی بزووتنەوەی تەنقیل درا.

 بەپێی ئەم بڕیارە، ئامانج نەك تەنیا سەركوتكردنی سەرهەڵدانەكە نەبوو، بەڵكو لە بن هەڵكەندنی ڕەگ و سەرچاوەكانی گەلی كورد بوو، كە وێرانكردنی گوندەكانی كوردستان و دەربەدەركردنی خێزانە كوردەكانیشی بەدوادا هات.

پارتی وڵاتپارێزانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوەكەدا، سەرنجی خستووەتە سەر وەحشیگەرییەكانی ئەو سەردەمە و ددانپێدانانی بەرپرسانی دەوڵەتی وەك ئیحسان سەبری چاگلایانگیلی وەبیر هێناوەتەوە. 

لە بەشێكی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە: ئەو ژن و منداڵانەی كە هەڵاتبوون بۆ ئەشكەوتەكان، بە ژەهری مشك كوژراون، كچانی دێرسیم بۆ ئەوەی نەكەونە چنگ سەربازانی تورك، خۆیان لە زنارەكانی منزوور هەڵداوەتە خوارەوە. 

هەروەها ڕاگەیەنراوە كە منداڵانی هەتیو بۆ شارەكانی توركیا دەڕفێنران و لە ژێر ناسنامەی جیاوازدا بەخێو دەكران، بۆ ئەوەی لە ڕەگوڕیشەی خۆیان داببڕێن.

پارتی وڵاتپارێزانی كوردستان داوای لە دەوڵەتی توركیا كردووە كە بەرەوڕووی مێژووی خۆی ببێتەوە و ئەم هەنگاوانە بنێت: بۆ جینۆساید و تاوانەكانی دێرسیم، بە فەرمی داوای لێبوردن بكات. شوێنی گڵكۆی ڕێبەرانی كورد سەید ڕەزا و شێخ سەعید و زانای كورد سەعید نوورسی، ئاشكرا بكات. ددان بە مافە نەتەوەیی و مێژووییەكانی گەلی كورددا بنێت.





وشە - سۆران عەزیز