سەرچاوەیەكی پاكستانی پشتڕاستی ئەو زانیارییانەی كردەوە كە پێگەی ئەكسیۆسی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە و دەڵێ، واشنتن و تاران زۆر نزیك بوونەتەوە لە گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی یەك لاپەڕەیی.
پێشتر پێگەی ئەكسیۆسی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، ئەمەریكا و ئێران نزیك بوونەتەوە لە ڕێككەوتن و ئەمەریكا چاوەڕوان دەكات، ئێران لە 48 سەعاتی داهاتوودا وەڵامی سەرنج و تێبینییەكانی ئەمەریكا بداتەوە و دواتر ڕێوشوێنی گەیشتن بە ڕێككەوتن دەگیرێتەبەر.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بەرپرسێكی ئەمەریكی بە ئەكسیۆسی داوە، ئەو لاپەڕە ئامادەكراوەی خەریكە ببێت بە ڕێككەوتن، بەرنامەی ناوكی ئێران و وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانی تێدایە، هاوكات ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی ئێران و هەڵگرتنی سزاكانیشی تێدا خراوەتە ڕوو، هەردوولایش گەرووی هورمز بە ڕووی جووڵەی كەشتیوانی بێ مەرج دەكەنەوە.
سەرچاوە پاكستانییەكە بۆ
ڕۆیتەرز، ئەو زانیارییانەی پشتڕاست كردەوە و گوتی، هەوڵەكانمان بەردەوامن و هەردوولا نزیكن لە گەیشتن بە ڕێككەوتن، ڕەشنووسی ڕێككەوتنەكەیش لە یەك لاپەڕە پێكهاتووە و تێیدا كۆتایی بە جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێت، ئەو دۆخە زۆر نزیكە لە كۆتایی و ئێمەیش لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا ئەوە دەبینین.