ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕای گەیاند، گرووپەكانی سەربە حكوومەت لە ناوچە عەرەبییەكان، چەندان تاوانیان دژی كورد ئەنجام داوە، دەشڵێت: هەموویانمان بە بەڵگە تۆمار كردووە.
ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ (سۆهر) رای گەیاند، خاڵەكانی پێوەست بە ئازادكردنی گیراوەكان و سەرلەنوێ ڕێكخستنەوەی بەڕێوەبەریی سەربازی و تەناهیی لە نێوان هەسەدە و دیمەشق پەكیان كەوتووە.
ئاماژەی بەوە كرد، بەپێی ڕێككەوتنەكە، دەبوایە هەموو ئەو كۆچبەرانەی عەفرین، شێخ مەقسوود و سەرێكانی كە لە زێدی خۆیان دەركرابوون، لە ماوەی مانگێكدا بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و ئەم ناوچانە ڕادەستی بەڕێوەبەرییە مەدەنییەكان بكرێن، بەڵام رێككەوتنەكە جێبەجی نەكرا و پێشكەوتنێكیش بەدی نەكراوە و تا ئێستە هیچ كەسێك بۆ سەرێكانی نەگەڕاوەتەوە.
باسی لەوەش كرد، گرووپەكانی سەربە دەوڵەتی تورك، هێشتا بەشێكیان لە عەفرین و سەرێكانی نەكشاونەتەوە و پێشێلكارییەكان لەوانە دەستبەسەرداگرتنی موڵك و ماڵ، وەرگرتنی پارە بە زۆر بەردەوامە، جگە لەمانەش لە ناوچەكانی ڕاجۆ، شەرا، جندرێس، بلبل، ماباتا و شیە (شێخ حەدید)ـی عەفرین تەل خەڵەف، عەلۆك، مەناجیر، عالیا، تەل تەویل و مەبروكەی سەرێكانی، بەشێوەیەكی بەرفراوان نیشتەجێ بوون.
ڕامی عەبدولڕەحمان گوتی، لەو ناوچانەدا پێشێلكارییەكی زۆر بەرانبەر بە كورد ئەنجام دراوە، تەنیا لە مانگی نیساندا لە ڕەقە 15 كورد، لە دێرەزووریش كوردێك گیراون، دۆخەكە بەتایبەت لە ڕەقە مەترسیدارە و مانگی ڕابردوو دەست بەسەر حەوت خانوو و پێنج دوكاندا گیراوە، داوا كراوە، ئەو موڵكانە لە ماوەی 20 ڕۆژدا چۆڵ بكرێن، دەست بەسەر كانێكی لم، كارگەیەكی كاغەز، چێشتخانەیەك و نانەوایەكدا گیراوە.
لە چوارڕێیانی حازیمە، بە دەیان ماڵی كورد بە بیانووی ئەوەی لەگەڵ پێوەرەكانی ئاوەدانكردنەوە ناگونجێن ڕووخێنراون، لە قوتابخانەكاندا بەڵگەنامەكانی پەروەردە، زانیارییەكانی تاقیكردنەوە و ئەرشیڤ بە قوتابیانی كورد نەدراوە، ڕێگەی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەكان نەدراوە، جگە لەوەش هەندێك ئۆتۆمبێل دزراون، بە سەتان شەرڤانی عەرەب كە پێشتر لە ناو ڕیزەكانی قەسەدە بوون گیراون.
ڕامی عەبدولڕەحمان لەبارەی دۆخی گەڕەكی شێخ مەقسوودی حەلەب باسی لەوە كرد، لە گەڕەكە كوردییەكاندا خەڵك ناتوانن بە ئاسانی هاتوچۆ بكەن، دەگوترێت هەندێك ڕێگە و خاڵی پەڕینەوە لە ناو شارەكەدا داخراون و خەڵكی سڤیل دەستبەسەر دەكرێن، كارەبا، ئاو و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان پێشكەش بە گەڕەكەكان ناكرێن، بەهۆی ئەوەی میدیا ناتوانێ بگاتە ئەو ناوچانە، بەڵگەكردنی ڕووداوەكان كەموكورتیی تێدایە، ئەمەش لە كۆتاییدا بەو مانایەیە كە پێشێلكارییەكان زۆرن.
"كاتێك سەرنج دەخرێتە سەر ئەو تاوانانەی دەرهەق بە كورد دەكرێن، لە ناو گرووپە چەتەكانی هەتەشەدا، ناوی عەمشات (سوڵتان سولەیمان شا) و حەمزە دێنە پێشەوە، ئەم گرووپانە كە ساڵانێك لە ژێر چەتری سوپای نیشتمانیی سووریا (SNA)دا تاوانیان ئەنجام دەدا و لەلایەن دەوڵەتی توركەوە مەشق و ڕاهێنانیان پێ دەكرا و پڕچەك دەكران، ئێستە بەشێوەیەكی فەرمی لە لیوای 76 و 62ـی سوپای سووریادا كار دەكەن، لەبری دادگاییكردنی ئەم گرووپانە بوونەتە دەوڵەت و ڕۆژانە تاوانی نوێ ئەنجام دەدەن." رامی وای گوت.
ڕامی عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوە كرد، گرژییەكان ڕوو لە زیادبووندان، لەبەرئەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان دابین ناكرێن، سەقامگیری نییە، دزی و كوشتن زیادی كردووە، قەیرانەكان قووڵ بوونەتەوە، بەتایبەتی لە ڕەقە و تەبقە، هەندێك هۆزی عەرەب دەیانەوێ لە بەڕێوەبردنی ناوچەكانی خۆیان و لە نوێنەرایەتیكردندا ڕۆڵێكی گەورەتریان پێ بدرێت، هێزەكانی حكوومەتی كاتی كە كۆنترۆڵیان بەدەستەوەیە، سەرەڕای كەموكوڕییەكانیان لە ڕووی چەسپاندنی سەقامگیرییەوە، هەوڵ دەدەن كاریگەریی سەربازی خۆیان بپارێزن.