دوای ئەوەی لە هەفتەی رابردوو كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دیاری كرا و بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق هاتە راسپاردن، گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەكەی عەلی زەیدی بە چڕی دەستی پێ كرد، ئەو سەردانی هەرێمی كورد و چاوی بە سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی هەرێم كەوت، دوای ئەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد، سەركردەیەكی هاوپەیمانی عەزم دووپاتی لە گرنگیی سەردانەكە كردەوە.
غانم عیفان سەركردە لە هاوپەیمانی عەزمی موسەنا سامەرایی دووپاتی كردەوە كە سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا زۆر گرنگ بوو، چەند كۆبوونەوەیەكی گرنگی سیاسی لەخۆ گرت، دیارترینیان كۆبوونەوە لەگەڵ موسەنا سامەرایی بوو، كە بەرجەستە لە سروشتی پێوەندییەكانی هاوپەیمانی عەزم و پارتی دیموكراتی كوردستانت دەكات، كە پێوەندییەكی بنیاتنراوە لەسەر متمانە نەك پێوەندییەكی كاتی.
زیاتر گوتی، لە كۆبوونەوەكان باسی میكانیزمی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و بەركەوتەی پارتی لە قۆناغی داهاتوو و بەرنامەی حكوومەت و گرنگیدانی لەپێشینەی كرا، لە سەردانەكە لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی دیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبووەوە لە چوارچێوەی جموجۆڵێكی سیاسییانە بە مەبەستی لێكنزیككردنەوەی بۆچوونی لایەنە جیاجیاكان.
عیفان دووپاتی كردەوە كە ئەو جموجۆڵانە بەرجەستەی خواستێكی روونی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات لە پاڵپشتیكردنی حكوومەتی نوێی عێراق و گەیشتن بە لێكگەیشتن لەبارەی سروشتی هاوبەشیی سیاسی لە قۆناغی داهاتوودا.