سەرچاوەكان: واشنتن پەیامی بەپەلەی گەیاندووەتە بەغدا

:: PM:06:57:06/05/2026 ‌

ئێستە عێراق و هێزە سیاسییەكانی سەرقاڵی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتن، واتە دابەشكردنی پۆستەكان بەسەر هێزە براوەكانی هەڵبژاردن، میلیشیاكان لە هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمان توانیان ژمارەیەكی زۆری كورسی بەدەست بێنن، ئەوەش وا دەكات كە بەركەوتەیان لە پۆستەكان هەبێت، بەپێی سەرچاوەكان لە ئەگەری تەرخانكردنی پۆستی باڵا بۆ ئەوان واشنتن بەپەلە بەغدای ئاگەدار كردووەتەوە.

چەند سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاماژە دەكەن كە چەند پەیامێكی پەلەی ئەمەریكا گەیشتووەتە بەغدا بە پێویستیی دوورخستنەوەی فەرماندەی میلیشیاكان و ئەو كەسانەی سەر بەوانن لە پێكهاتەی كابینەی نوێی حكوومەت، ئەوەش دوای هاتنی چەند ناوێكی نزیك لە میلیشیاكان بەوەی لە كابینەی نوێ پۆستیان پێ دەدرێت، واشنتن پەیامەكەی بە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو داوە، لە دوای باسكردنی ناوی لەیس خەزعەلی بۆ پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران لەپاڵ پێدانی پۆستی ویزاری تر بۆ میلیشیاكان.  

روونیان كردەوە، پەیامەكانی ئەمەریكا روون و راشكاوانە باسی ئەوەیان كرد هەر بەشدارییەكی میلیشیاكان لە حكوومەتی نوێ، رەنگدانەوەی لەسەر ئاستی پاڵپشتیكردنی نێودەوڵەتی بۆ حكوومەتەكە دەبێت، بەتایبەتی لە لایەن ئەمەریكاوە.

لە چەند سەعاتی رابردوو چەند هەواڵێك لەبارەی شێوەی دابەشكردنی وەزارەتەكانی حكوومەتی نوێی عێراق بڵاو بووەوە، لەوانە پێشنیازی دانانی چوار جێگر بۆ سەرۆك وەزیران كراوە، دوو بۆ شیعە و یەكێك بۆ كورد و یەكێكیش بۆ سوننە، بەڵام هێشتا زەیدی بەوە رازی نەبووە، باسی ئەوەش كراوە یەكێك لە جێگرەكان باسم خەزعەلییە، برای قەیس خەزعەلی سەركردەی گرووپی عەسائیب ئەهلولحەق، باسی ئەوەش كراوە كە رەنگە هەندێك وەزارەتی خزمەتگوزاری بە میلیشیاكان و كەسانی نزیك لەوانەوە بدرێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل