هێزەکانی ئەمەریکا کەشتییەکی ئێرانییان بە ئامانج گرت

:: PM:08:17:06/05/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم شەشی ئایاری 2026، هێزەکانی ئەمەریکا لە کەنداوی عومان ڕێکارەکانی گەمارۆی سەر ئێرانیان جێبەجێ کرد، ئەویش لە ڕێی پەکخستنی کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی کە باری نەبووە و هەوڵی داوە بەرەو یەکێک لە بەندەرەکانی ئێران بڕوات.

بەپێی بەیاننامەیەکی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) کە دەست "وشە" کەوتووە، هێزەکانیان چاودێریی کەشتیی (Hasna)ـیان کردووە لە کاتێکدا بە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بەرەو بەندەرێکی ئێران لە کەنداوی عومان ڕۆیشتووە. هێزەکانی ئەمەریکا چەندان جار هۆشدارییان بە کەشتییە ئێرانییەکە داوە و ئاگاداریان کردوونەتەوە کە پێشێلی گەمارۆی ئەمەریکا دەکەن.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی تیمی کەشتییەکە گوێڕایەڵی هۆشدارییە بەردەوامەکان نەبوون، هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕێی تەقاندنی چەند گوللەیەک لە تۆپی 20 ملمـی فڕۆکەیەکی هێزی دەریاییی ئەمەریکا لە جۆری (F/A-18 Super Hornet) کە لە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (USS Abraham Lincoln)ـەوە فڕیبوو، سیستمی سوکان و ئاراستەکردنی کەشتییەکەیان پەک خست، بەمەش کەشتییەکە چیتر ناتوانێت بەرەو ئێران بڕوات.

لە کۆتاییدا سێنتکۆم دووپاتی کردووەتەوە کە، "گەمارۆی ئەمەریکا دژ بەو کەشتییانەی هەوڵی چوونە ناوەوە یان دەرچوون لە بەندەرەکانی ئێران دەدەن، بەتەواوی جێبەجێ دەکرێت. هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندییش بەردەوام دەبن لە مامەڵەکردن بەشێوەیەکی پیشەیی و ورد بۆ زامنکردنی پابەندبوون بەو گەمارۆیە."


وشە - پۆڵا مەحموود