ئەمڕۆ چوارشەم شەشی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاند کە بارودۆخی گەرووی هورمز تا ئاستێکی زۆر لەژێر کۆنترۆڵدایە، هاوکات ستایشی هێزی دەریاییی ئەمەریکای کرد لە جێبەجێکردنی گەمارۆکەدا.
ترەمپ لە گوتەیەکدا لە کۆشکی سپی ڕوونی کردەوە، وڵاتەکەی خاوەنی گەورەترین سوپای جیهانە بە جیاوازییەکی زۆرەوە"، زیاتریش گوتی، "پێم وایە ئەوەمان سەلماندووە.
لەبارەی گەمارۆی سەر ئێران، سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا، ئەو گەمارۆیە جێی باوەڕ نییە و هێزی دەریایی سەرسوڕهێنەر بووە، وەک دیوارێکی پۆڵایین وایە و کەس ناتوانێت پێیدا تێپەڕ ببێت.
هەروەها دووپاتی کردەوە، ئێمە سەرکەوتنێکی زۆر گەورە لە ئێران بەدەست دەهێنین. هێمای بۆ ئەوەش کرد کە ئیدارەی ئەمەریکا چاودێریی پێشهاتەکانی ئەو گفتوگۆیانە دەکات کە لەگەڵ تاران بەڕێوە دەچن.
ترەمپ پێی وابوو کە کاروبارەکان لەگەڵ ئێران زۆر بە باشی و نەرمی بەڕێوە دەچن، دووپاتیشی کردەوە کە تاران دەیەوێت ڕێککەوتن بکات و دانوستان ئەنجام بدات.
ئەوەشی خستە ڕوو کە واشنتن "مامەڵە لەگەڵ کەسانێک دەکات کە بەتوندی دەیانەوێت ڕێککەوتن واژوو بکەن. ڕوونیشی کردەوە کە ئەوە ئەمەریکایە بڕیار دەدات کە ئایا ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە بۆ ئەوان "جێی ڕەزامەندی" دەبێت یان نا.
لە کۆتاییدا ترەمپ جارێکی تر دووپاتی لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەوە کردەوە کە ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، گوتیشی، ڕێگە نادەین ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، هەرگیز ڕێگە نادەین ئەوە ڕوو بدات.