ترەمپ: کوشتنی سەرکردەکانی ئێران بەلای منەوە گۆڕینی ڕژێمە

:: PM:10:24:06/05/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم شەشی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە ئێران چیتر خاوەنی هیچ سیستمێکی بەرگریی ئاسمانی یان ڕادار نییە، ئاماژەی بەوەش دا کە تاران بەتوندی ئارەزووی گەیشتن بە ڕێککەوتن دەکات.

ترەمپ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند کە ئەگەر ئەمەریکا ئێستە ئێران جێبهێڵێت، ئەوا ئێرانییەکان پێویستیان بە 20 ساڵ دەبێت بۆ ئەوەی خۆیان بونیاد بنێنەوە. هەروەها ڕوونی کردەوە کە لە 24 سەعاتی ڕابردوودا گفتوگۆی زۆر باش سەبارەت بە ئێران ئەنجام دراون، بۆیە ئەگەری زۆرە بگەنە ڕێککەوتن.

سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەشی خستە ڕوو، کوشتنی ڕیزێک لە سەرکردەکانی ئێران، بەلای ئەوەوە بە واتای گۆڕینی ڕژێمی ئەو وڵاتە دێت، هاوکات دووپاتی لەسەر ڕێگریکردن کردەوە لەوەی تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

لە کۆتاییدا ترەمپ گوتی، پێم وایە ئێمە لە ئێراندا سەرکەوتووین، لەم دۆسیەیەدا لە دۆخێکی زۆر باشداین و کاروبارەکان بە باشی بەڕێوە دەچن.


وشە - پۆڵا مەحموود