سعوودیە بەكارهێنانی بنكەی سەربازی و ئاسمانەكەی لە ئەمەریكا قەدەغە كردووە

:: AM:09:49:07/05/2026 ‌
تۆڕێكی هەواڵی ئەمەریكی لە زاری سەرچاوەكانەوە بڵاوی كردەوە، سعوودیە ڕێگەی بە واشنتن و هێزەكانی نەداوە، بنكە سەربازییەكانی وڵاتەكە و ئاسمانی بۆ فڕینی فڕۆكە جەنگییەكان و بەشداربوون لە ئۆپراسیۆنی پڕۆژەی ئازادی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز بكەن.

بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكان بۆ تۆڕی ئێن بی سی نیوزی ئەمەریكا، ترەمپ هاوپەیمانەكانی واشنتنی لە كەنداو تووشی شۆك كردووە، كاتێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تروس سۆشیال جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنی پڕۆژەی ئازادی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز ڕاگەیاند، ئەمەیش سەركردایەتیی سعوودیەی بە تەواوی تووڕە كردووە.

دوو بەرپرسی ئەمەریكی بۆ میدیاكە دووپاتیان لەوە كردووەتەوە، لە وەڵامی ئەو هەنگاوەی واشنتن ئاگەدارنەكردنەوەی وڵاتانی كەنداو، سعوودیە هەڵوێستی دژی ئەمەریكا وەرگرتووە و دووپاتی لەوە كردووەتەوە، ڕێگە بە سوپای ئەمەریكا نادات فڕۆكە جەنگییەكانی لە بنكەی سەربازی ئەمیر سوڵتان بەكار بخرێن و ئاسمانی سعوودیە بەكار بهێنن بۆ گەیشتنە سەر گەرووی هورمز.

ئەو دوو بەرپرسە دەڵێن، ترەمپ پێوەندیی بە شازادەی جێنشینی سعوودیە محەمەد بن سەلمان كردووە، بەڵام نەیتوانیوە كێشەكە چارەسەر بكات، ئەمەیش هانی سەرۆكی ئەمەریكای داوە، تا ئۆپراسیۆنی پڕۆژەی ئازادی كەشتیوانی بوەستێنێت و سەربازانی ئەمەریكا بۆ بنكەكانیان بگێڕێتەوە.

سەرچاوەیەكی سعوودی لەوبارەیەوە دەڵێ، ترەمپ و بن سەلمان لە پێوەندیی بەردەوامدان، بەرپرسانی هەردوو وڵاتیش لەگەڵ جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆك و ماركۆ ڕۆبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و سوپاسالاری ئەو وڵاتە هەیە،  بۆیە ڕاگەیاندنی پڕۆژەكە ئێمەی شۆك كرد و كێشەكە پێوەستە بە خێرایی ڕووداوەكان لە كاتێكی ڕاستەقینەدا، سعوودیە پشتیوانی دیپلۆماسییەت دەكات و كۆتاهێنان بە جەنگەكە دەكات. پرۆژه‌ی ئازادی كه‌شتیوانیش  پێچەوانەی هەوڵەكانی سعوودیەیە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د