مۆنت كارلۆ: میلیشیاكانی عێراق گوشار دەخەنە سەر زەیدی

:: PM:01:30:07/05/2026 ‌
ماڵپەڕی مۆنت كارلۆی فڕەنسی ئاشكرای دەكات، جیا لە گوشارەكانی ئەمەریكا و ئێران بۆ سەر عەلی زەیدی راسپێدراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، میلیشیاكانیش گوشاری دەخەنە سەر و دەڵێن بە هیچ شێوەیەك چەك دانانێین.

ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی ئایار، ماڵپەڕی رادیۆی مۆنت كارلۆ ئاشكرای دەكات، عەلی زەیدی كەوتووەتە ژێر سێ گوشار، یەكێكیان ئەمەریكایە دەیەوێ‌ زەیدی لە ئێران دوور بێت، كەچی ئێران گوشار دەكات بۆ ئەوەی زەیدی لە پاراستنی یەكڕیزیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پێوەندی لەگەڵ ئێران بەردەوام بێت.

كەچی میلیشیاكانی عێراق گوشار دەخەنە سەر زەیدی و دەیانەوێ‌ بیخەنە ریزی خۆیانەوە و بە هیچ شێوەیەك چەك دانانێن، تەنانەت راستەوخۆ ئەو پەیامەیان بە راشكاوی بە زەیدی داوە كە بە هیچ شێوەیەك چەك دانانێن و میدیای عێراقیش باس لەوە دەكەن، میلیشیاكان گوتوویانە دەست بە هێرشەكانمان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەكەینەوە، ئەگەر شەڕی ئێران و ئەمەریكا دەست پێ بكاتەوە.

بەگوتەی مۆنت كارلۆ، زەیدی ناتوانێ‌ لە كازمی و سوودانی جیاوازتر بێت و سنوورێك بۆ میلیشیاكان دابنێت، ئەمەیش بە دوو هۆكار، یەكەمیان ئەوەیە خۆی كاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە و ئەو بەرەیە لەو لایەنانە پێكهاتووە كە میلیشیایان هەیە، هۆكاری دووەم ئەوەیە میلیشیاكان هەژموونێكی زۆریان لە دەسەڵاتی عێراق هەیە.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل