ئەمڕۆ پێنجشەم وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا چەند بەرپرس و كۆمپانیای عێراقی بەهۆی بوونی پێوەندییان بە ئێرانەوە، بەتایبەتی لە كەرتی نەوت، خستە ناو لیستی سزاكانی، ئەوانی بە سوودبینین لە كەرتی نەوتی عێراق بۆ بەرژەوەندیی ئێران و پاڵپشتیكردنی دارایی لە چالاكییەكانی ئێران و میلیشیاكان تۆمەتبار كرد، وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا ئێران بە تاڵانكردنی سامانی نەوت عێراق تۆمەتبار دەكات.
بەپێی
بەیاننامەیەكی نووسینگەی موڵكوماڵ و حیساباتی بیانیی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكی، سزاكان عەلی بەهادی جێگری وەزیری نەوتی عێراقی گرتەوە، بە تۆمەتی سوودبینین لە پۆستەكەی بۆ ئاسانكردنی سوودبینینی ئێران و میلیشیاكانی لە نەوتی عێراق، هەروەها سزاكە سێ كەسی تری گرتەوە، كە بەرپرسی باڵان لەناو میلیشیاكان، لەوانە كەتیبەكانی سەید شوهەدا و عەسائیب ئەهلولحەق، دووپاتی كردەوە كە واشنتن لە لێپرسینەوە لەو گرووپانە دەكات كە دامەزراوە دیپلۆماسی و كۆمپانیا و بنكەی سەربازییەكانی لە عێراق دەكەنە ئامانج.
هاوكات و هەر لە بەیاننامەكەدا سكۆت بیسنت وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا دەڵێت، رژێمی ئێران بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتیی دارایی بۆ تیرۆر گەلی عێراق تاڵان دەكات، بەڵام ئەمەریكا بەرانبەر بە بەكارهێنانی نەوتی عێراق بۆ پاڵپشتیكردنی چالاكییەكانی ئێران دەستەوەستان ناوەستێت.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە رێوشوێنە نوێیەكان لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئەوپەڕی گوشارە لەسەر ئێران كە تۆڕەكانی قاچاغ و بازدان بەسەر سزاكان دەكاتە ئامانج، تا ئێستە توانیویانە ئێران لە چەندان ملیار دۆلار لە داهاتی نەوت بێبەش بكەن و سزا بەسەر تۆڕە داراییەكان و كۆمپانیاكانی سەر بە تاران بسەپێنن، بۆیە تەواوی موڵكوماڵ و حیساباتی ئەو كەس و قەوارە سزادراوانە لە ئەمەریكا بلۆك دەكرێن و مامەڵەكردنی هاووڵاتییانی ئەمەریكا لەگەڵیان قەدەغە دەكرێ و ئەگەری سەپاندنی سزاش بەسەر ئەو دامەزراوە بیانییانە هەیە كە هاوكاری ئەوان دەكەن.