ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی ئایاری 2026، پایتەختی عێراق ڕووداوێکی تەمومژاویی دیارنەمانی ژنێکی ئەمەریکیی بەخۆیەوە بینی لە گەڕەکی مەنسوور لە بەغدا، پێش ئەوەی ڕوون ببێتەوە کە پەنای بۆ باڵوێزخانەی وڵاتەکەی بردووە بەهۆی ئەوەی لەلایەن مێردە عێراقییەکەیەوە توندوتیژیی بەرانبەر کراوە و لێی دراوە.
بەپێی قسەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ئاژانسی شەفەق نیوز، ژنێکی ئەمەریکی بە ناوی (ئە. هـ) کە لەدایکبووی ساڵی 1988ـە، لە ماڵی مێردەکەی لە ناوچەی داودی سەر بە گەڕەکی مەنسوور لە ڕۆژئاوای پایتەخت هەڵاتووە، لەگەڵ خۆیشیدا کچە نۆ مانگانەکەی بردووە.
بەپێی بانگەشەکانی مێردەکەی، ژنە ئەمەریکییەکەی بەبێ ئاگاداریی ئەو و بەبێ هیچ هۆکارێک ماڵەوەی جێهێشتووە، تەنانەت پاسپۆرتەکەشی لەگەڵ خۆی نەبردووە.
لە بەرانبەردا، سەرچاوەیەکی تەناهی ئاشکرای کرد کە ئەنجامە بەراییەکانی لێکۆڵینەوەکان پێشان دەدەن، ژنە ئەمەریکییەکە لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەم شەشی ئایارەوە، پەنای بۆ باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا بردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەلایەن مێردە عێراقییەکەیەوە لێی دراوە. سەرچاوەکە زیاتر گوتی، ژنەکە لەگەڵ کچەکەی کە هەڵگری پاسپۆرتی ئەمەریکییە، لە ماڵ چووەتە دەرەوە بەبێ ئەوەی مێردەکەی بەو کارە بزانێت.