ئەمڕۆ هەینی هەشتی ئایاری 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە ئاراستەی عەلی مەعارج بەهادلی بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دابەشکردن کراون، لە هەمان کاتدا ڕێزی تەواوی خۆی بۆ ڕێکارە یاساییەکان دووپات کردەوە.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتەکەدا کە دەست "وشە" کەوتووە، هاتووە، وەزارەت ڕێزی تەواوی بۆ ڕێکارە یاساییەکان و دادگایەکی دادپەروەر هەیە، مامەڵەکردنیش لەگەڵ گشت دۆسیە و تۆمەتەکان دەبێت بە شەفافی و بەرپرسیارێتییەوە بێت بە پشت بەستن بە بەڵگە و ڕاستییەکان، دوور لە هەر لێکدانەوە یان حیساباتێکی تر.
وەزارەتی نەوت ئامادەییی تەواوی خۆی بۆ هاوکاریکردن و ئەنجامدانی هەر لێکۆڵینەوەیەکی دادپەروەرانە دەربڕی لەسەر ئەو تۆمەتانە. هەروەها ڕوونی کردەوە کە، پرۆسەی هەناردەکردن و بەبازاڕکردنی نەوتی خاو و بارکردنی کەشتییەکان، لە چوارچێوەی ئەرکەکانی بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دابەشکردن نییە، بەڵکوو لایەنە و کۆمپانیا تایبەتمەندەکان بەپێی ڕێکارە پەسەندکراوەکان ئەو دۆسیەیە بەڕێوە دەبەن.
پێشتر و دوێنێ، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر عەلی بەهادلی جێگری وەزیری نەوتی عێراقدا سەپاند، بە تۆمەتی قۆستنەوەی پۆستەکەی بۆ ئاسانکاریکردنی گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ بەرژەوەندیی ڕژێمی ئێران و میلیشیاکانی.
بەپێی بەیاننامەیەکی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایەکانی دەرەوە (OFAC)ی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، عەلی بەهادلی ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە ئاسانکاریکردنی قاچاغی نەوت لە ڕێی پێدانی ئیمتیازی هەناردەکردن بەو تۆڕانەی سەر بە قاچاغچیی نەوت سەلیم ئەحمەد سەعیدن، کە پێشتر واشنتن سزای بەسەردا سەپاندبوون.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە بەهادلی، سەرپەرشتیی گواستنەوەی باری نەوتی لە کێڵگەی گەیارەوە بۆ خۆر زوبێر کردووە، لەوێ نەوتی ئێرانی تێکەڵ بە نەوتی عێراقی کراوە پێش ئەوەی هەناردە بکرێت. هەروەها تۆمەتباری کردووە بە ساختەکردنی بەڵگەنامەی سەرچاوەی نەوت بۆ شاردنەوەی سەرچاوەی ڕاستەقینەی بارەکان.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی زانیارییەکان، لەناو ڕاڕەوەکانی وەزارەتی نەوتدا ململانێ لەسەر پۆستی وەزیری نەوتی نوێ لە حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو هەیە، عەلی بەهادلیش وەک بەهێزترین کاندید بۆ ئەو پۆستە دادەنرێت.
عەلی بەهادلی کە لە ساڵی 1966 لە پارێزگای میسان لەدایک بووە، دەرچووی کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی بەغدایە و پسپۆڕیی لە ئەندازیاریی نەوتدا هەیە، کاروانی پیشەییی خۆیشی وەک ئەندازیار لە کۆمپانیای هەڵکەندنی عێراقی دەست پێ کردووە و ئێستە بریکاری وەزارەتی نەوتە بۆ کاروباری دابەشکردن.