ترەمپ هۆشداری دەداتە ئێران: ئەگەر خێرا ڕێککەوتن نەکەن بۆردمانی زۆر توندترتان دەکەین

:: AM:09:08:08/05/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی هەشتی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، هەڕەشەی ئەنجامدانی لێدانی سەربازیی زۆر توندتری لە ئێران کرد ئەگەر بە "خێرایی" ئەو ڕێککەوتنە واژوو نەکات کە ئێستە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

ترەمپ لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیال" نووسیویەتی، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا دژ بە ئێران دەکرێت کۆتاییان بێت، ئەگەر تاران ڕازی بێت بەوەی کە پێشتر لەسەری ڕێککەوتبووین. زیاتر گوتی، بەڵام ئەگەر ئێران ڕازی نەبێت، ئەوا بۆردمان دەست پێ دەکاتەوە و ئەم جارەیان لە ڕووی ئاست و چڕییەوە زۆر گەورەتر دەبێت لەوەی پێشتر بینیویانە.

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی ئەمەریکا لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی (ABC) هەوڵی دا مەترسیی پێکدادانەکانی ئەم دوایییەی نزیک گەرووی هورمز کەم بکاتەوە و ڕای گەیاند، ئاگربەست لەگەڵ ئێران هێشتا بەردەوامە و کاری پێ دەکرێت، ئەو هێرشانەشی بە "سوک" وەسف کرد.

لێدوانەکانی ترەمپ دوای ئەوە دێن کە فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕای گەیاند، هێزەکانیان بەرپەرچی هێرشێکی "بێ پاساو"ـی ئێرانییان داوەتەوە، ئەویش لە کاتی تێپەڕبوونی سێ وێرانکەری ئەمەریکی (USS Truxtun، USS Rafael Peralta، USS Mason) بە گەرووی هورمزدا بەرەو کەنداوی عومان. بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، هێزەکانی ئێران مووشەک، درۆن و بەلەمی بچووکیان ئاراستەی وێرانکەرەکان کردووە، بەڵام هیچ زیانێک بەر هێزەکانی ئەمەریکا نەکەوتووە.

سەبارەت بەم ڕووداوە ترەمپ گوتی، سێ وێرانکەری ئەمەریکی تازە و بە سەرکەوتنێکی گەورەوە لەژێر بۆردماندا لە گەرووی هورمز دەرچوون، هیچ زیانێک بەر وێرانکەرەکان نەگەیشتووە، بەڵام زیانێکی گەورە بەر هێرشبەرە ئێرانییەکان کەوتووە.

ئاماژەی بەوەش دا، هەر وڵاتێکی ئاسایی بوایە، ڕێگەی دەدا ئەو وێرانکەرانە تێپەڕ بن، بەڵام ئێران وڵاتێکی ئاسایی نییە. ئەوان لەلایەن کەسانی شێتەوە سەرکردایەتی دەکرێن، ئەگەر دەرفەتی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمییان هەبێت بەبێ دوودڵی ئەنجامی دەدەن، بەڵام هەرگیز ئەو دەرفەتەیان پێ نادرێت. هەروەک چۆن ئەمڕۆ لەناومان بردن، لە داهاتووشدا زۆر توندتر و توندوتیژتر لەناویانی دەبەین ئەگەر بەپەلە ڕێککەوتنەکە واژوو نەکەن.

لە بەرانبەردا، ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە هێزەکانی ئەمەریکا ئاگربەستیان پێشێل کردووە و هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی و کەشتییەکی تر لە نزیک گەرووی هورمز، لەگەڵ بەئامانجگرتنی چەند پێگەیەکی کەناراوی لە بەندەری خەمیر، سیریک و دوورگەی قشم. ئێرانییەکان دووپاتیشیان کردەوە کە وەڵامیان داوەتەوە و "زیانی گەورە"ـیان بە کەشتییە ئەمەریکییەکان گەیاندووە.



وشە - پۆڵا مەحموود