ژنە ئاسنینەکەی کۆشکی سپی: دۆناڵد ترەمپ زۆر کەم دەخەوێت

:: AM:09:58:08/05/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی هەشتی ئایاری 2026، سوزان وایڵز گەورە بەرپرسی ستافی کۆشکی سپی کە بە "ژنە ئاسنین" ناسراوە، ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بێ وەستان کار دەکات، دووپاتیشی کردەوە کە ئەو زۆر کەم دەخەوێت و بەردەوامە لە چالاکییەکانی لە تەواوی سەعاتەکانی ڕۆژدا بەبێ ئەوەی هەست بە ماندووبوون بکات.

سوزان وایڵز لە میانی بەشداریکردنی لە سیمینارێکدا تایبەت بە ژنانی سەربەخۆ، ڕوونی کردەوە، بەڕێوەبردنی پێوەندییەکانی ترەمپ بە نۆرە لە نێوان من و دان سکاڤینۆی ڕاوێژکاردا دەکرێت، بە جۆرێک کە من لە بەیانیانی زوودا پێشوازی لە پێوەندییە تەلەفۆنییەکانی دەکەم و سکاڤینۆش ئەرکی وەڵامدانەوەی پێوەندییە درەنگوەختەکانی شەوی لە ئەستۆدایە.

وایڵز کە چەند مانگێک لەمەوبەر تووشبوونی خۆی بە شێرپەنجەی مەمک ڕاگەیاندبوو، هێمای بۆ ئەوەش کرد، سەرباری کارکردنی بەردەوامی لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام ئەو پێویستی بە خەوێکی زۆر هەیە. بە زەردەخەنەوە گوتی، من زوو دەخەوتم، لە کاتێکدا سکاڤینۆ حەزی لە شەونخوونییە، بۆیە کاتەکانی کارکردنمان بە شێوەیەک دابەش کردبوو کە پشوویەکی تەواومان پێ دەبەخشی.. تەنانەت ئەگەر ترەمپ خۆیشی ئەوە نەکات.

ئەم لێدوانانەی وایڵز شەپۆلێکی بەرفراوانی کاردانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێ کەوتەوە، بەتایبەتی کە چالاکییە چڕەکانی ترەمپ بوونەتە تایبەتمەندییەکی دیار، چ لە ڕێی گەشتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانییەوە بێت، یان لە ڕێی پۆستە بەردەوامەکانییەوە لە پلاتفۆرمی تروس سۆشیال کە زۆرجار لە درەنگانی شەودا بڵاویان دەکاتەوە.

پێشتر وایڵز لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ئاشکرای کردبوو کە تووشی شێرپەنجەی مەمک بووە، دووپاتیشی کردەوە کە لە ئەمەریکادا لە هەر هەشت ژنێک، یەکێکیان ڕووبەڕووی ئەم نەخۆشییە دەبێتەوە. ئەو ستایشی هێزی ئەو ژنانەی کرد کە سەرباری نەخۆشییەکە لە ژیان و کارکردن بەردەوامن و گوتی، "ئێستەش من دەچمە ڕیزی ئەوانەوە."


وشە - پۆڵا مەحموود