ئەمڕۆ هەینی هەشتی ئایاری 2026، ڕوانگەی "ئیکۆ عێراق" ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 70%ـی تەوەرەکانی بەرنامەی حكوومیی ئابووریی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، پشت بە بیرۆکە و ناوەڕۆکەکانی "پەڕاوی سپی" بۆ چاکسازیی ئابووری دەبەستێت کە لە ساڵی 2020 لەلایەن حكوومەتی ئەوکاتەوە خرابووە ڕوو.
ڕوانگەکە لە بەیاننامەیەکدا کە دەست "وشە" کەوتووە، ئاماژەی بەوە داوە کە، چەندان بڕگەی بەرنامە حكوومییە ئابوورییەکە، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ناوەڕۆکی پەڕاوی سپییەوە وەرگیراون کە لە سەردەمی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووتردا خرابووە ڕوو.
ڕوونیشی کردووەتەوە کە لێکچوونەکە تەنیا لە ناونیشانە گشتییەکاندا نییە، بەڵکوو زاراوە و تەوەری لێکچووی وەک (گۆڕانی دیجیتاڵی، واژووی ئەلیکترۆنی، پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت، چاکسازیی کەرتی بانکی و تۆڕە زیرەکەکان) لەخۆ دەگرێت.
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە، بەرنامە حكوومییەکە میکانیزمی ڕوونی نەخستووەتە ڕوو بۆ چارەسەرکردنی ئابووریی کرێخۆری یان کەمکردنەوەی هەڵاوسانی فەرمانبەران کە بووەتە بارگرانییەکی گەورە لەسەر بودجەی گشتی. هەروەها بەوردی باسی لە ئامرازەکانی چارەسەرکردنی کورتهێنانی دارایی یان چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی شۆکەکانی پێوەست بە ناجێگیریی نرخی نەوت و کەمبوونەوەی هەناردە نەکردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر لەمڕۆ هەینیدا، ڕوانگەی "عێراقی سەوز ڕەخنەی لەوە گرتبوو کە بەرنامە وەزارییەکەی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو کە دوێنێ پێنجشەم پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە، بەتەواوی خاڵییە لە هەر تەوەرێکی پێوەست بە ژینگە و چارەسەرەکانی بۆ قۆناغی داهاتووی وڵات.
جێی باسە دوێنێ پێنجشەم، عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، بەرنامە وەزارییەکەی تایبەت بە حكوومەتی نوێی پێشکەش بە هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ بڵاوکردنەوەی بەسەر ئەندامانی ئەنجوومەنەکەدا بۆ خوێندنەوەی، بۆ ئەوەی دواتر ناوی کابینەی حكوومەتیش پێشکەش بکات.