عێراقچی: یەدەگی مووشەکیمان لە 120% و ئامادەییمان بۆ بەرگری لە 1000%ـە

:: PM:02:08:08/05/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی هەشتی ئایاری 2026، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕای گەیاند کە یەدەگی مووشەکییان لەسەرووی سەداسەدەوەیە و بۆ بەرگریکردنیش لە ئامادەباشییەکی بێوێنەدان، هاوکات ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمەریکای (سی ئای ئەی) بە هەڵە ناوبرد.

عێراقچی لە لێدوانێکدا گوتی، هەر کاتێک چارەسەرێکی دیپلۆماسی دەخرێتە سەر مێز، ئەمەریکا پەنا دەباتە بەر سەرکێشییەکی سەربازیی بێ مێشک. ئایا ئەمە تەنیا تاکتیکێکی کوێرە بۆ دروستکردنی فشار؟ یان فێڵکردنی تێکدەرێکە کە دەیەوێت جارێکی تر سەرۆکی ئەمەریکا بخاتە ناو زەلکاوێکی نوێوە؟

زیاتر گوتی، هۆکارەکە هەرچییەک بێت، ئەنجامەکە هەمیشە یەک شتە: ئێرانییەکان هەرگیز لەبەردەم فشاردا سەر دانانوێنن، بەڵکوو ئەوە تەنیا دیپلۆماسییە کە هەمیشە دەبێتە قوربانی.

لە وەڵامی ئەو ڕاپۆرتەی هەواڵگریی ئەمەریکاشدا کە گوتبووی ئێران هێشتا توانایەکی گەورەی مووشەکیی بالیستیی ماوە، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕای گەیاند، هەروەها دەبێت بگوترێت، سی ئای ئەی هەڵە دەکات. یەدەگی مووشەکی و توانای سەکۆکانی هەڵدانمان بەراورد بە 28ـی شوبات (پێش دەستپێکردنی شەڕ) لە ئاستی 75%ـدا نییە؛ بەڵکوو ژمارە دروستەکە 120%ـە.

لە کۆتاییدا عێراقچی دووپاتی کردەوە، سەبارەت بە ئامادەییمان بۆ بەرگریکردن لە گەلەکەمان 1000%ـە!


وشە - پۆڵا مەحموود