تاران ژیریی دەستكرد بۆ كاریگەریی خستنە سەر ڕای گشتی ئەمەریكا بەكار دەهێنێت

:: AM:08:34:09/05/2026 ‌
دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، جەنگی ئەمەریكا و ئێران بووەتە جەنگێكی زانیاری و هەواڵ و گوشار، تاران لەو جەنگە نوێیە پشت بە ژیریی دەستكرد دەبەستێ و بەكاری دەهێنێت بۆ دروستكردنی گرتەی ڤیدیۆی زۆر لە شێوەی یاریی لیگۆ و بە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاوی دەكاتەوە، تا كاریگەریی لەسەر ڕای گشتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دروست بكات و واشنتن و تەلئەبیب بە لاواز پێشان بدا و خەڵك لە حكوومەتەكانی هەردوو وڵاتەكە تووڕە بكات.

پەیامەكانی ئێران لە ڕێگەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانە، جۆرێكە لە گاڵتەجاڕی و بە كولتوورێكی ڕۆژئاواییەوە دروست دەكرێن، لەبری ئەوەی پەیامی شۆڕشگێڕی و سەربازییان تێدا بێت، ئەو هەڵمەتە زیاتر سەرنجی لەسەر ئەوە چڕ كردووەتەوە كە ترەمپ بەرژەوەندیی ئیسرائیل، دەخاتە پێش بەرژەوەندیی ئەمەریكا و ئەمەریكییەكانیش باجی ئەو سیاسەتانە دەدەن.

وۆل ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێكدا بە وردی سێرەی خستووەتە سەر ئەو هەوڵەی تاران و دەڵێ، بە بڕوای شارەزایان، تاران ئەمجارە سەركەوتوو بووە لە بەكارهێنانی میدیا و ژیری دەستكردن بە زمان و ناوەڕۆكێكی نزیك لە گفتوگۆكان، لە ناو شەقامی ئەمەریكا، جۆرێك لە كاریگەری لەسەر ڕای گشتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دروست بكات.

نێرگز باجوگلی پسپۆری میدیای ئێران لە زانكۆی جۆنز هۆبكنزی ئەمەریكی دەڵێ، ناوەڕۆك و ئەو زمانە و گفتوگۆیانەی بەكاری دەهێنن، وەك گفتوگۆی توندڕۆ و میانڕۆكانی ئەمەریكا و كە لە ناو شەقامەكانی ئەمەریكا بەم شێوازە باس لە دۆخەكە دەكرێت.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، ئەوان دركیان بە ناوەڕۆكی پێكەنیناوی و زیرەكانە بردووە، كە دەتوانێ زۆر بە خێرایی بە ڕووبەرێكی زۆر فراوانی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاودەبێتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د