بێریتان گونەیش داوای كرد پەرلەمان لێكۆڵینەوەیەكی مەیدانی و یاسایی لەسەر ئەو ڕێگرییانە دەست پێ بكات، كە لە بەردەم زمانی كوردی و زاراوەكانیدا هەن. گوتی، دەم پارتی پرۆژە یاسایەكی لەبارەی زمانی كوردی پێشكەش بە پەرلەمانی توركیا كردووە.
بێریتان گونەیش پەرلەمانتاری مێردینی دەم پارتی ڕای گەیاند: "هەر هەنگاوێك بۆ زمانی كوردی بنرێت، دەبێتە هاوكارێكی سەرەكی بۆ چارەسەری پرسی كورد و پێویستە ئەو زیانانەی بەهۆی سیاسەتەكانی ڕابردووەوە بەر زمانەكە كەوتوون، لێكۆڵینەوەیان لێ بكرێت".
پەرلەمانتاری مێردینی دەم پارتی ڕاشیگەیاند: "پاراستنی فرەچەشنیی كولتوور و زمان، یەكێكە لە بنەما هەرە سەرەكییەكانی كۆمەڵگەیەكی دیموكرات، بۆیە پێویستە لێژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە پەرلەمان پێكبهێنرێت بۆ دەستنیشانكردنی ئەو ئاستەنگە مێژوویی و سیاسییانەی لە دامەزراوە گشتییەكاندا لە دژی زمانی كوردی پەیڕەو دەكرێن".
گوتیشی، دەم پارتی پرۆژەیە یاسایەكی پێشكەشی پەرلەمانی توركیا لەبارەی زمانی كوردی كردووە و دەبێت كاری لەسەر بكرێت.
بێریتان جەختی لەوە كردەوە، دانپێدانان بە زمانی كوردی دەبێت لە دەستووردا جێگیر بكرێت و تەنیا وەك دروشم نەمێنێتەوە، "داوا دەكەین ڕێسای یاسایی نوێ دابڕێژرێت بۆ ئەوەی زمانەكە لە هەموو كایەكانی ژیانی گشتی و میدیا و دادگاكاندا بە ئازادی بەكار بهێنرێت".
ڕۆژی 15ی ئایاری هەموو ساڵێك وەك ڕۆژی زمانی كوردی دەستنیشان كراوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دەرچوونی یەكەم ژمارەی گۆڤاری هاوار لە لایەن میر"جەلادەت عالی بەدرخان"، لە ساڵی 1932.