ئیسرائیل بۆ ئەمەریكا: ژێرخانی وزەی ئێران وێران بكەن

:: AM:09:41:09/05/2026 ‌
كەناڵێكی ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە، حكوومەتی وڵاتەكەی پەیامێكی ئاراستەی هاوپەیمانە ئەمەریكییەكان كردووە و تێیدا ئاماژەی داوە، هەر ئەگەرێكی دەستكردنەوە بە بۆردمانكردنی ئێران، پێویستە بە بۆردمانی چڕ و قورسی ژێرخانی وزەی ئێران دەست پێ بكات و بە تەواوی وێرانی بكات.

كەناڵی 12ی ئیسرائیل ئەمڕۆ شەموو بڵاوی كردەوە، ئیسرائیل لەو باوەڕەدایە كە دەتوانن لە ئەنجامی بۆردمانكردن لە ماوەی 24 سەعاتدا، تەواوی ژێرخانی وزەی ئێران كۆتایی پێ بهێنن و بیكەن بە خۆڵەمێش، ئەمەیش تاران ناچار دەكات، بكەوێتە سەر ئەژنۆ و بە هەموو مەرج و داواكارییەكان ڕازی ببێت.

ئەو پەیام و داوایەی تەلئەبیب لە واشنتن، لە ئەنجامی بۆردمانی پچڕپچڕی هێزەكانی ئەمەریكایە بۆ سەر كەشتییەكانی ئێران و وەڵامدانەوەی تاران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئەمەیش بە بڕوای بەشێك لە شارەزایان، ئەگەری دووبارە دەستكردنەوە بە جەنگی كردووەتە مژارێكی گەرم و بە وردی باسی لێوە دەكرێت.

هەرچەندە هەوڵەكان زۆر فراوان و چڕن، تا واشنتن و تاران بگەن بە ڕێككەوتن و هەفتەی داهاتوو گەڕێكی تری دانیشتنی ڕاستەوخۆ ئەنجام بدەن، بەڵام تا ئێستەیش ناكۆكییەكان لەسەر گەرووی هورمز و بەرنامەی ناوكی تاران كۆتاییان نەهاتووە، سەرەڕای ئەوەی ئەمەریكا و ئێران خواستیشیان لە دەستكردنەوە بە جەنگ نییە، بەڵام بۆشایی نێوانیان زۆر فراوانە و ناتوانن بگەن بە ڕێككەوتن.

كەناڵی 12 نووسیویەتی، ئیسرائیل ترسی لەوە هەیە كە واشنتن و تاران بگەن بە ڕێككەوتنێكی خراپ كە لە ڕوانگەی تەلئەبیبەوە باش نەبێ و بگرە زۆر خراپیش بێت، بۆیە پەیامیان ڕەوانەی واشنتن كردووە كە لە ئەگەری دەستكردنەوە بە جەنگ، پێویستە ئامانجی سەرەكی وێرانكردنی ژێرخانی وزەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بێت.

بەرپرسێكی ئیسرائیلی لەوبارەیەوە گوتی، ئەگەر بمانەوێ ڕژێمی ئێران كۆتایی نەیەت، بەلای كەمەوە پێویستە ئیفلیجی بكەین، بۆیە ئیسرائیلییەكان هانی واشنتن دەدەن، كە بگات بەو باوەڕەی وێرانكردنی سەرچاوەكانی وزە و ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە، تاكە ڕێگەیە كە پێشڤەچوون لە بەدیهێنانی مەرج و داواكارییەكان بێتە دی و ئێران سازشێكی گەورەتر بكات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د