جەنگیز چاندار ڕاگەیاند، دیاریكردنی پێگەی ئۆجەلان و هەمواركردنەوەی یاساكان، گرنگترین خاڵەكانی پرۆسەی چارەسەرین و پێویستە بەر لەوەی پەرلەمان بچێتە پشووی یاساییەوە، هەنگاوە یاساییەكان جێبەجێ بكرێن.
جەنگیز چاندار پەرلەمانتاری ئامەدی دەم پارتی ڕای گەیاند، وەك چۆن دەوڵەت باخچەلی ڕای گەیاند، بەبێ ڕوونكردنەوەی "پرسی پێگەی ئۆجەلان" پرۆسەی چارەسەری گەشەسەندن بەخۆیەوە نابینێت، دەشڵێت، تا ئێستە دەسەڵات هیچ هەنگاوێكی كردەیی ئاشكرای نەناوە و پێویستە بەر لەوەی پەرلەمان بچێتە پشووی یاساییەوە، "پێشنیازنامەی یاسای تایبەت" پێشكەش بكرێت.
چاندار ئاماژەی بەوەش كردووە، پرۆسەی چارەسەریی پێویستی بە سەبر، لێبوردەیی و پێداگریی هەیە و چارەسەركردنی كێشەیەكی وەها كە بۆ ماوەی 50 ساڵ، بەشێوەی شەڕی چەكداری بەڕێوە چووە ئاسان نابێت، بەڵام بە دیاریكردنی پێگەی ئۆجەلان، هەمواركردنەوەی یاساكان و ئازادكردنی گیراوانی سیاسیی پرۆسەكە، دەتوانێت گەشەسەندنی گرنگ بەخۆیەوە ببینێت.