سی ئێن ئێن: خامنەیی كوڕ لە سێبەرەوە ئێران بەڕێوە دەبات

:: PM:01:21:09/05/2026 ‌
تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمەریكی لە زاری سەرچاوە هەواڵگرییەكانەوە بڵاوی كردەوە، موجتەبا خامنەیی ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆڵی یەكلاكەرەوە لە داڕشتنی ستراتیجی جەنگ لە تەك گەورە بەرپرسانی تری ئێران دەگێڕێت.

چەندان سەرچاوەی هەواڵگری و زانیاریی هەواڵگریی ئەمەریكا پشتڕاستی ئەوە دەكەنەوە، خامنەیی كوڕ لە سێبەر و لە دوورەوە ستراتیجی جەنگ و دانوستان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دادەڕێژێت.

ئاماژە دراوە كە سنووری وردی دەسەڵات لە ناو ڕژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران دابەش بووە و تا ئێستە ناڕوونە، خامنەیی كوڕ هەرچەندە ڕۆڵی یەكلاكەرەوە دەگێڕێت، بەڵام بە یاوەریی گەورە بەرپرسانی تری وڵاتەكەی، ئاراستەی چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی دانوستانەكان لەگەڵ ئەمەریكا و جەنگ و ململانێكان دەكات و ڕاوێژ و ڕێنوێنی دەبەخشێت.

لەبارەی شێوازی پێوەندیكردنی خامنەیی بە دامەزراوە و بەرپرسە باڵاكانی ئێران، سی ئێن ئێن نووسیویەتی، پێوەندیكردن بە ڕێبەری ئێران زۆر ئاڵۆز و سنووردارە، بە هیچ شێوەیەك ئامرازە ئەلیكترۆنییەكان بەكار ناهێنێت، لە ڕێگەی چاوپێكەوتنی ڕاستەوخۆ یان پەیام لە ڕێگەی كەسانی ترەوە دەگەیەنێتە بەرپرسانی باڵای تاران.

هەواڵگریی ئەمەریكا دووپات لەوەیش دەكاتەوە، ئێران دەیەوێ برینە ئابووری و ژێرخانییەكانی لە ئەنجامی بۆردمانی ئەمەریكا و ئیسرائیل ساڕێژ بكات و توانا سەربازییەكانی خۆی بەهێز بكاتەوە، ئەمەیش وایكردووە بتوانێ بەرگەی گەمارۆكانی ئەمەریكا بگرێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د