لە دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، سەرۆكایەتیی پێوەندییەكانی سەر بە سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە.
لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە سەرۆك كۆماری توركیا لە نووسینگەی دۆڵمەباخچە لە ئیستەنبووڵ، پێشوازی لە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردووە و لە دیدارەكەدا دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە تاوتوێ كراون.
دووپات لەوە كراوەتەوە كە ئەردۆغان دڵگرانیی خۆی نیشانداوە بەوەی لە جەنگی نێوان ئەمەریكا و ئێراندا خاكی عێراق بە هەولێریشەوە كراوەتە ئامانج.
ئەردۆغان رای گەیاندووە، توركیا سوورە لەسەر پەرەپێدانی هاوئاهەنگی لەگەڵ هەردوو حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەردەوام دەبن لە هەنگاونان بۆ برەودان بە پەیوەندییەكان لە زۆر بواردا، بەتایبەتی بازرگانی، گواستنەوە و وزە.
لەبارەی پڕۆژەی رێی گەشەپێدان، ئەردۆغان باسی لەوە كردووە كە جێبەجێكردنی "پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان" نەك تەنیا بۆ عێراق، بەڵكو بۆ ناوچەی كەنداویش سوودی زۆری دەبێت.
لەلایەكی ترەوە ئاژانسی "ئەنادۆڵۆی" توركی بڵاوی كردووەتەوە لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ لە نێوان مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، ئەردۆغان دووپاتی لەسەر بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی توركیا و هەرێمی كوردستان كردەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەو ئاژانسە هەر یەكە لە هاكان فیدان وەزیری دەرەوە توركیا، یەشار گولەر وەزیری بەرگری، ئیبراهیم كاڵن سەرۆكی هەواڵگری توركیا ئالب ئەرسەلان وەزیری وزە ئامادە بووە.
ئەنادۆڵۆ باسی لەوە كردووە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بۆ مەسروور بارزانی باسی لەوە كردووە، توركیا لەگەڵ ئەوە نییە ململانێی وڵاتێك بۆ وڵاتەكانی تر بپەڕێتەوە، هەروەها باسی لەوە كردووە توركیا لە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.
سەرەرای ئەمەیش ئەردۆغان باسی لەوە كردووە، توركیا سوورە لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی كە بە "توركسایەكی بێ تیرۆر" دەناسرێت.