رۆژنامەیەك: ئیسرائیل پێگەیەكی نهێنیی سەربازی لە بیابانی عێراق دامەزراندووە

:: PM:10:37:09/05/2026 ‌
هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵمەتە سەربازییە 40 رۆژییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، ئەوە هاتە بڵاوكردنەوە كە هێزێكی تایبەتی سەربازی لە بیابانەكانی ئەنبار لە عێراق دابەزیون، دواتر بابەتەكە پەردەپۆش كرا، رۆژنامەیەكی ئەمەریكا ئاماژە دەكات كە ئیسرائیل پێگەیەكی نهێنیی سەربازی لە بیابانەكانی عێراق لە دژی ئێران دامەزراندووە. 

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرنال"ی ئەمەریكی رای گەیاند، بۆ سوودبینین لێی لە شەڕ لە دژی ئێران، ئیسرائیل پێگەیەكی نهێنیی سەربازی لە بیابانەكانی عێراق دامەزراندووە، ئەوكاتەی هێزەكانی عێراق لێ نزیك بوونەتەوە، هێرشی ئاسمانی كردووەتە سەریان، رۆژنامەكە لە چەند بەرپرسێكی ئەمەریكی گواستەوە، بە مەبەستی پاڵپشتیكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی دژ بە ئێران، ئیسرائیل ئەو پێگە نهێنییەی دامەزراندووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە پێگەكە لە سەرەتای هەڵمەتە سەربازییەكەی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران لەوێ دامەزراوە و ئەوكاتەی هێزە عێراقییەكان ویستوویانە لە شوێنەكە نزیك ببنەوە و ئاشكرای بكەن، لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بۆردمان كراون.

شایەنی باسە لە 4ی ئاداری رابردوو میدیاكانی عێراق باسی پرۆسەیەكی دابەزاندنی هێزی تایبەتی بیانیان لە بیابانی نێوان هەردوو پارێزگای كەربەلا و نەجەف كرد، لە دوای رووداوی بۆردمانی هێزێكی عێراقی كە ویستوویەتی ناوچەكە بپشكنێت، بەو هۆیەوە سەربازێك كوژرا و دووش بریندار بوون.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل