حكوومەتی سووریا بڕوانامەی قوتابخانە و پەیمانگە و زانكۆكانی رۆژئاوای كوردستانی قبووڵ كرد

:: AM:09:40:10/05/2026 ‌
هاوسەرۆكی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاشكرای كرد، سەرۆكی سووریا پێی راگەیاندوون هیچ مشتومڕێك لەبارەی قبووڵكردنی بڕوانامەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان نییە و "پەسند كراوە".

 ئیلهام ئەحمەد لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ "SZK"  ڕاگەیاندنی دامەزراوەی زمانی كوردی رای گەیاند، "ئەحمەد شەرع خۆی پێی گوتووین، ئێمە بڕوانامەكانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر قبووڵ دەكەین و هیچ مشتومڕێك لەم بابەتەدا نییە، پەسند كراوە".

گوتیشی، "كۆتا جار كە چووینە دیمەشق، ئەسعەد شەیبانی خۆی پرسی قبووڵكردنی بڕوانامەكانی پەسند كرد و تەنانەت پرسی بۆچی هێندە دواكەوتووە؟".

ئیلهام ئەحمەد دووپاتی دەكاتەوە، ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی كە بڕوانامەكانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر قبووڵ بكرێت، لەبارەی سیستم و مۆدێلی پەروەردە، ناوبراو دەشڵێت "هێشتا گفتوگۆكان بەردەوامن".

هاوسەرۆكی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بەوەش كرد، بەپێی یاسای ژمارە ١٠٧ی بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێیەكان، دەبێت لە چوارچێوەی پارێزگادا سەربەخۆیی (خۆسەری) سیستمی پەروەردە هەبێت. حكوومەتی دیمەشق تێناگات كە چۆن سیستمێكی پەروەردەی فرەزمان دەتوانێ بەڕێوە بچێت".




وشە - سۆران عەزیز