بەرپرسێكی باڵای عێراق ئاشكرای كرد، پەرلەمان بڕیاری بانگهێشتكردنی وەزیری بەرگری و ناوخۆی عێراقی داوە، بۆ ڕوونكردنەوە لەبارەی ڕاستیی ئەو ڕاپۆرتەی لە ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنالی ئەمەریكی بڵاو كراوەتەوە. دووپات لە بنكەی سەربازی ئیسرائیل لە بیابانی نەجەف و نزیك سنووری عێراق و سعوودیە دەكات، لەو كاتەی كە ئەمەریكا و ئیسرائیل هێرشیان دەكردە سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئەو بەرپرسە باڵایە بۆ "
العربی الجدید" دووپاتی كردەوە، بانگهێشتنی وەزیرەكان لە داهاتوویەكی نزیكدا دەبێت، ئەمەیش لە كاتێكدایە تا ئێستە حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق هیچ لێدوانێكی لەبارەی ڕاپۆرتەكەی ڕۆژنامە ئەمەریكییەكە نەداوە، بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییە شەقامی عێراقی تووشی شۆك كردووە.
دوێنێ شەموو ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنال لە زاری سەرچاوەكانەوە بڵاوی كردەوە، ئیسرائیل بنكەیەكی سەربازیی نهێنی لە بیابانەكانی عێراق دروست كردووە، لە پێناوی دەستەبەركردنی پشتیوانی بۆ فڕۆكە جەنگییەكانی لە كاتی بۆردمانەكانی ئێران، هێرشێكی ئاسمانی بۆ سەر هێزەكانی عێراق نزیك بووە لەوەی كە شوێنی ئەو بنكە سەربازییە نهێنییە ئاشكرا بكات.
ڕۆژنامەكە ئەوەیشی نووسیوە، ئیسرائیل ئەو بنكە سەربازییەی بۆ پشتیوانیی لۆجستیی فڕۆكە جەنگییەكانی بە ئاگادار و ڕەزامەندیی ئەمەریكا دروست كردووە، تیمی گەڕان و فریاكەوتن لەو بنكەیە هەبوو، لە ئامادەباشیدا بوون بۆ ئەگەری كەوتنی هەر فڕۆكەوانێكی ئیسرائیلی دەست بە جووڵە بكەن.
بەرپرسێكی عێراقی لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بۆ "العربی الجدید" گوتی، پەرلەمان بانگهێشتی وەزیری بەرگری و ناوخۆ و سەركردە تەناهییەكانی پێوەندار بە دۆخی مەیدانی دەكات، دووپاتیشی كردەوە كە فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، بۆردمانكردنی هێزێكی سوپای عێراق لە بیابانەكانی نوخەیب لە نێوان ئەنبار و نەجەف و هاوتەریب لەگەڵ سنووری سعوودیە، لە چواری ئادار/مارس دووپات كردووەتەوە.
ئەو بەرپرسە دووپاتی كردەوە، لەو كاتەدا هێزەكانی عێراق لەو بنكەیە نزیك بوونەوە، بەڵام پێشبینییان كرد كە هێزەكانی ئەمەریكا بن، لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش كار دەكەن. بەرپرسێكی تەناهیی عێراق لە بەغدا گوتی، چاوەڕوان دەكرێ حكوومەت ئەمڕۆ یەكشەم ڕوونكردنەوە لەبارەی ئەو بابەتە بدات.
هێمای بۆ ئەوەیش كرد، ئەو شوێنەی كە ڕۆژنامە ئەمەریكییەكە باسی لێوە دەكات، ئێستە چۆڵ و پاكە و هیچ هێزێكی تێدا نییە.
میدیا لۆكاڵییەكانی عێراق پێشتر لە زاری شوانكارێكەوە بڵاویان كردەوە، سوپای ئاگادار كردووەتەوە لە جووڵەی چەكداران و دابەزینی هەلیكۆپتەر لە ناوچەكەدا، ئەمەیش وایكرد سوپا جووڵە بۆ ناوچەكە بكات، بەڵام ڕووبەڕووی بۆردمانی چڕی ئاسمانی بووەوە.
زوهێر فەتلاوی جێگری پارێزگاری كەربەلا گوتی، دابەزینی ئاسمانی كە لەلایەن ئەو هێزە سەربازییەوە ئەنجام دراوە، پێشبینی دەكرێ لە نێوان چوار تا حەوت هەلیكۆپتەر بن و لە سنووری سووریاوە هاتوونەتە ئاسمانی عێراق، لەگەڵ ئەوەیشدا ئۆتۆمبێلی هەمەڕ لە ناوچەكە و لە دووریی 40 كیلۆمەتر لە شارەدێی نەخیب بینراوە.