سەفین دزەیی لەبارەی سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا رای گەیاند، سەرۆك كۆماری توركیا، ستایشی رۆڵی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستانی كرد، وەك فاكتەرێكی گرنگی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەكەدا باسی كردووە.
سەفین دزەیی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی، سەرۆكی حكوومەت ستایشی رۆڵی ئەردۆغان و توركیای لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەكە كرد، خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ برەودانی زیاتر بە هاریكاری و هاوئاهەنگیی دوولایەنە دووپات كردەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە وەزیرانی دەرەوە، وزە، بەرگری و بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی توركیا ئامادەی بوون، هەردوولا دووپاتیان لە گرنگیی بەهێزتركردنی پێوەندی و هاوئاهەنگیی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا كردەوە.
دزەیی رای گەیاند، مەسروور بارزانی و ئەردۆغان دووپاتیان لە كۆتاهێنان بە گرژییەكانی ناوچەكە و چارەسەركردنی كێشەكان بەشێوەیەكی ئاشتییانە و لە رێگەی گفتوگۆوە كردەوە، لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، هەوڵ و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكانی عێراق بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی فیدراڵ تاوتوێ كرا. هەردوولا هیوایان خواست كابینەی نوێی عێراق ببێتە هۆی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق و خزمەتكردنی گشت پێكهاتەكان بێ جیاوازی، چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور.
دزەیی دەڵێت، سەرۆك حكوومەتی هەرێمی كوردستان پرۆسەی ئاشتی و پرسی چەكدانانی پەكەكە و بابەتی كێشەی كوردی لە توركیا باس كردووە، سەرۆكی حكوومەت پشتگیریی بۆ پرۆسەكە دووپات كردەوە، سەرۆك كۆماری توركیاش دووپاتی لە گرنگیی بەردەوامبوون و سەرخستن و بەئەنجامگەیاندنی پرۆسەكە كردەوە.
سەفین دزەیی گوتی، "سەرۆك كۆماری توركیا سوپاسی هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد، كە هەوڵی داوە بەشێوەیەكی ژیرانە خۆی لە شەڕی ناوچەكە بپارێزێت".
ڕۆژی شەموو نۆی ئایار، شاندێكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی و ئەندامێتیی ڕێبەر ئەحمەد و سەفین دزەیی، گەیشتە توركیا و هەر لەو ڕۆژە زنجیرە كۆبوونەوەیەكی دیپلۆماسی لەگەڵ هەریەك لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، هاكان فیدان، یەشار گولەر و وەزیری وزەی توركیا ئەنجام دا، كە ئامانج لێیان بەرەوپێشبردنی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا بوو.
سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند: سەرەتا كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری، وەزیری وزە، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.
سەفین دزەیی دەڵێت، باس لە بارودۆخ و ڕووداوەكانی ئەمدواییەی ناوچەكە كرا، بەتایبەت شەڕ و گرژی و پێكدادانەكان و دەستدرێژییەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان، "سەرۆك كۆماری توكیا سوپاسی هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد، كە هەوڵی داوە بەشێوەیەكی ژیرانە خۆی لە شەڕی ناوچەكە بپارێزێت".
بەگوتەی دزەیی لە میانی كۆبوونەوەكەدا، باس لە دروستبوونی كێشە بۆ ئابووری و وزەی دنیا بەهۆی شەڕەوە كرا، پرسی پەرەپێدانی ئابووری و وزە و كۆمەڵایەتی و سیاسی و تەناهی و پرۆسەی ئاشتی لە توركیا تاوتوێ كرا.
ئاماژەی بەوەش دا كە لەگەڵ وەزیری وزەی توركیا، بە وردی گفتوگۆ لەسەر وزە و پێویستیی دنیا بۆ وزە لەم بارودۆخەدا كرا كە بەهۆی شەڕەوە دروست بووە، لەبارەی داهاتوو و چۆنیەتیی هاوكاری و هاوئاهەنگی نێوان هەردوولا گفتوگۆ كرا.