فەرهاد ئەترووشی: بەشداریی دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە زەیدی دەكەین

:: PM:12:12:10/05/2026 ‌
فەرهاد ئەترووشی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان رای دەگەیەنێت، بەشداریی دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە زەیدی دەكەین.

ئەمڕۆ یەكشەم 10ـی ئایار، فەرهاد ئەترووشی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە بەیاننامەیەكیدا رای گەیاند، لە دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان لەسەر حكوومەتی نوێ و بەرنامەی حكوومی عەلی زەیدی ئامادە دەبین.

ئەترووشی لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاندووە، بڕیاری بەشدارییان  لە باوەڕبوونە بە پێویستی بەردەوامبوون لە جێبەجێكردنی شایستە دەستوورییەكان، چالاككردنی كاری دامەزراوەكانی دەوڵەت و پاڵپشتیكردنی هەوڵەكان بۆ بەهێزكردنی سەقامگیری و چەسپاندنی بناغەكانی ئاسایش و ئاشتی كۆمەڵایەتی.

بڕیارە لەم هەفتەیەدا متمانە بە كابینەكەی عەلی زەیدی بدرێت، پێشتر پارتی دیموكراتی كوردستان بایكۆتی دانیشتنەكانی كردبوو، بەڵام دوای سەردانی زەیدی بۆ هەولێر، داوای كرد بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان، پارتی بڕیاری دا بەشداریی دانیشتنەكەی متمانەدان بە زەیدی بكات.


وشە - رامیار جەواد