كەشتیی وێرانكەری جەنگی بەریتانی "دراگۆن" و كەشتی فڕۆكەهەڵگری فڕەنسی شارل دیگۆل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەرووی هورمز نزیك دەبنەوە، ئاژانسی بلومبێرگی ئەمەریكی پشتڕاستی ئەو زانیارییانەی كردەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ئاشكرای كرد، كەشتی وێرانكەری جەنگی "دراگۆن" گەیشتووەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە چوارچێوەی پلانێكی هاوبەش لەلایەن هاوپەیمانیەتی فرەڕەگەز كە بەریتانیا و فڕەنسا سەركردایەتیی دەكەن، بۆ دەستەبەركردنی سەلامەتی هاتوچۆی كەشتییەكان لە گەرووی هورمز.
هێزی دەریایی شاهانەی
بەریتانیا دووپات لەوە دەكاتەوە، دراگۆن یەكێكە لە پێشكەوتووترین كەشتییە جەنگییەكان لەسەر ئاستی دنیا و ئەركی سەرەكی بریتی دەبێ لە بەرگریی ئاسمانی لە كەشتییەكان، پاسەوانی كەشتییەكان لە هەڕەشەی ئاسمانی و سیستمی مووشەكی سی فایبەری دژە فڕۆكەی تێدایە.
لەلایەكی ترەوە نووسینگەی ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فڕەنسا ئاشكرای كرد، كەشتی فڕۆكەهەڵگری فڕەنسی شارل دیگۆل ئێستە بە ئاراستەی باشووری دەریای سوور دەڕوا، ئامادەكاری بۆ بەشداریی لە ئەركی دووبارەكردنەوەی گەرووی هورمز و دەستەبەركردنی سەلامەتی كەشتیوانی لە گەرووەكە دەكات.
پێشتر هەریەك لە لەندەن و پاریس دەسپێشخەری پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتییان بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز ڕاگەیاند، لە ڕێگەی ڤیدیۆكۆنفرانسەوە بەرپرسانی 30 وڵاتی جیاجیای دنیا، بەشدارییان لە كۆبوونەوەكە كرد و ئامادەییان دەربڕی هاوكاری پێشكەش بكەن، تا گەرووی هورمز بكرێتەوە و دنیا لە تەنگژەیەكی قورسی نەوت و غاز ڕزگار بكرێت.