پارێزگای حەسەكە 13 كورسی لە پەرلەمانی سووریا دەبێت، كە پێنجیان ڕاستەوخۆ لەلایەن شەرعەوە دیاری دەكرێت، هەشتەكەی تر لە ڕێگەی دەستەی هەڵبژاردنە خۆجێیەكانەوە دێنە هەڵبژاردن.
دوای ئەوەی ڕژێمی بەعس لە كۆتایی ساڵی 2024 ڕووخا، لە مانگی ئەیلوولی 2025 هەڵبژاردن و دەستنیشانكردنی ئەندامانی پەرلەمانی سووریا دەستی پێ كرد، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان بڕیاری هەڵبژاردنەكانی دا و ئامادەكارییەكانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا لەسەر ئاستی پارێزگاكان دەست پێ كرد.
پەرلەمانی سووریا "ئەنجوومەنی گەل" لە 210 كورسی پێكدێت، حكوومەت بە فەرمی ڕای گەیاند كە 140 نوێنەر لە ڕێگەی دەستەی هەڵبژاردنە خۆجێیەكانەوە دێنە هەڵبژاردن و 70 نوێنەرەكەی تر، لەلایەن سەرۆكی كاتیی سووریا ئەحمەد شەرعەوە دەستنیشان دەكرێن.
تا ئێستە لە هەموو پارێزگاكانی سووریا جگە لە پارێزگاكانی حەسەكە و سوەیدا، ئەندامانی پەرلەمان دانراون.
لە پارێزگای حەسەكە 13 كورسی هەیە، كە پێنجیان لەلایەن خودی ئەحمەد شەرعەوە دەستنیشان دەكرێن، لەو پێنج كەسەش بڕیارە بەشێكیان كوردبن، بەڵام سەر بەشەرع دەبن، هەشت كورسییەكەی تر لە ڕێگەی دەستەی هەڵبژاردنە خۆجێیەكانەوە دێنە هەڵبژاردن.
هەركات لیژنەكانی هەڵبژاردن پێكهێنران و لیستی كۆتایی خۆیان ئامادە كرد، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمان دەست پێ دەكات، لیژنەكانی هەڵبژاردن ئەندامانی پەرلەمان لە بازنەكانی خۆیان هەڵدەبژێرن، دوای ئەوە ئەنجامەكان دەگەیەننە لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان، كە بە فەرمی ناوی ئەندامە سەركەوتووەكانی پەرلەمان ڕادەگەیەنێت.