ئەبوتوراب تەمیمی سەركردە لە رێكخراوی بەدر رای گەیاند، ئەگەر تا پێنجشەمی داهاتوو لە پەرلەمان متمانە بە زەیدی نەدرێت، ئەوا پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەت شكست دەهێنێت. دووپاتیشی دەكاتەوە كە كێشەی پێكهاتەی شیعە لەسەر سێ وەزارەتە.
ئەمڕۆ سێشەم 12 ی ئایار، تەمیمی لێدوانی بۆ ئاژانسی
شەفەق نیوز داوە و باس لەوە دەكات، هێشتا ناكۆكییەكی گەورە لە نێوان لایەنە شیعەكان هەیە، ئەوانیش وەزارەتی نەوت و ناوخۆ و دارایین. دووپاتیشی دەكاتەوە دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتیش هەر بەو هۆكارەیە.
تەمیمی باسی لەوەیش كردووە، ئەگەر تا پێنجشەم لە پەرلەمانی عێراق متمانە بە حكوومەتەكەی عەلی زەیدی نەدرێت، ئەوا پرۆسەكە شكست دەهێنێت و هەروەها ئەمە مانای ئەوەیە هەندێك لایەن هەن نایانەوێ حكوومەت پێكبهێنرێت.
لە 27ی مانگی رابردوو، چوارچێوەی هاوئاهەنگی عەلی زەیدیی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی حكوومەت كاندید كرد، هەمان رۆژیش لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە زەیدی بۆ پێكهێنانی حكوومەت هاتە راسپاردن.