سبەی دەنگ بە حكوومەتەكەی عەلی زەیدی دەدرێت

:: AM:11:01:13/05/2026 ‌
بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆ ببێتەوە، كۆبوونەوەكە یەك بڕگە لەخۆ دەگرێ كە ئەویش بریتییە لە دەنگدان بە حكوومەتەكەی عەلی زەیدی.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی ئایار، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كارنامەی كۆبوونەوەی سبەی پێنجشەمی بڵاو كردەوە كە دەنگدانە بە كابینەی نوێی حكوومەت.

ئەوە لە كاتێكدایە دوێنێ‌ شاخەوان عەبدوڵا سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، دابەشكاریی وەزارەتەكان لە نێوان پێكهاتەكان تەواو بووە، بەڵام دەستوەردانی دەرەكی و ناكۆكی لەسەر ناوی هەندێك كاندید، پرۆسەی ڕاگەیاندنی كابینە نوێیەكەی دواخستووە.

زیاتر گوتی، لە ڕووی شایستەی پێكهاتەكانەوە (شیعە، سوننە، كورد و كەمینەكان)، دابەشكاریی وەزارەتەكان بە تەواوی كۆتایی هاتووە، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستوەردانی نێودەوڵەتی و هەرێمی كاریگەرییان لەسەر پرۆسەكە هەبووە، بە جۆرێك هەندێك لایەن دژی بەشداریكردنی هێزی دیاریكراون و لایەنەكانی تریش پێداگریی لەسەر بەشداریی كارای ئەو هێزانە دەكەن.

لەبارەی كاتی پێكهێنانی حكوومەت، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ڕای گەیاند، ئەگەر تا ئەمشەو ڕێككەوتنی كۆتایی بكرێت، ئەوا لەم هەفتەیەدا پەرلەمان دەنگ لەسەر كابینەی نوێ دەدات.

باسی لەوەش كرد، ئەگەر ڕێككەوتنەكە دوا بكەوێت، پرۆسەی دەنگدان دەكەوێتە هەفتەی داهاتوو. ئێستە تەنیا كێشە لەسەر ناوی یەك بۆ دوو كاندید ماوە كە پێویستی بە یەكلاكردنەوە هەیە.


وشە - رامیار جەواد