دوو كەشتیی چینی و ئێرانی گه‌مارۆیی ده‌ریایی ئه‌مه‌ریكایان تێپه‌ڕاند

:: AM:11:15:13/05/2026 ‌
هەریەك لە كەشتیی گوێزەرەوەی غازی شلی ئێرانی بە ناوی "تارا" و كەشتییەكی نەوتهەڵگری چینی بە ناوی "یوان هوا"، توانیان گەمارۆكانی ئەمەریكا ببڕن و لە ئاوەكانی دەریای عەرەب نزیك ببنەوە.

درەنگانی شەوی ڕابردوو كەشتیی گوێزەرەوەی غازی شلی ئێرانی "تارا"، هێڵی گەمارۆكانی هێزی دەریایی ئەمەریكای تێپەڕاند و ئێستە بە ئاراستەی باشووری ڕۆژهەڵاتی دەریای عەرەب جووڵە دەكات.

لە دوای سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێران، ئەمە یەكەم كەشتی ئێرانییە كە بتوانێ هێڵ و سنووری گەمارۆی ئەمەریكی بە تەواوی تێپەڕێنێت و بگاتە ئاوەكانی دەریای عەرەب و بڕێكی زۆر غازی شلی هەڵگرتووە، لە سەرەتای ئایار/مایۆوە هەوڵی تێپەڕین بە گەرووی هورمز دەدات.

هاوكات كەشتییەكی زەبەلاحی نەوتهەڵگری چین بە ناوی "یوان هوا"، بەهەمانشێوە گەمارۆی دەریایی ئەمەریكای بڕی و ئێستە لە ڕێگەیە تا بگەڕێتەوە وڵاتەكەی.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەم ئەو كەشتییە چینییە لە ئاوەكانی ڕۆژهەڵاتی گەرووی هورمز بینراوە، بەرەو كەنداوی عومان و دەریای عەرەب ڕێڕەوی گرتووە.

كەشتییەكە لە 28ی شوبات/فێبرایەر لە بەندەری عەسلویەی ئێرانی گیری خوارد كە هاوكات بوو لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگ دژی ئێران، دواتر لە 20ی ئادار/مارس خۆی گەیاندە كەناراوەكانی ئیمارات و ئێستەیش لە جووڵەدایە تا ناوچەكە جێ بهێڵێت و بگەڕێتەوە چین.


وشە - باز ئه‌حمه‌د