بەر لە متمانەدان بە حكوومەتەكەی.. ئەمەریكا پەیام بۆ زەیدی دەنێرێت

:: AM:09:07:14/05/2026 ‌
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئەمڕۆ پێنجشەم بەر لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ متمانەدان بە حكوومەتی عەلی زەیدی، پەیامێكی بە كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت ڕاگەیاند و دووپاتی كردەوە، بە وردی چاودێری پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەتن و لەسەر بنەمای هەڵوێستی ئەو حكوومەتە بەرانبەر بە میلیشیاكانی ئێران مامەڵەی لەگەڵ دەكەن.

ئەو هەڵوێستەی واشنتن لە كاتێكدایە، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەم عەلی زەیدی كابینەی وەزاری حكوومەتەكەی یان بەشێكی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بخرێتە دەنگدانەوە و متمانەی پێ بدرێت، سەرەڕای ئەوەی ناكۆكییەكان لەسەر دۆسەی چەكداماڵێن و بەشداربی گرووپە چەكدارەكان لە حكوومەت بەردەوامی هەیە.

گوتەبێژێك بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بۆ "شەفەق نیوز" ڕای گەیاندووە، ئەمەریكا چاودێربی پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق دەكات و بە دوای كردار دەگەڕێ نەك قسە، ئێستە عێراق لە بەردەم بژارەیەكدایە و پێویستە بیگرێتەبەر.

زیاتر گوتی، میلیشیا تیرۆریستییەكانی ئێران لە عێراق نابێ هیچ ڕۆڵێكیان لە دامەزراوەكانی دەوڵەت هەبێت و بە هیچ شێوەیەكیش پارەی حكوومەتی عێراق بۆ پشتیوانی ئەو گرووپانە نابێ خەرج بكرێت.

ئەو لێدوانەی ئەمەریكا بە بەردەوامی فشارەكانی واشنتن لەسەر عەلی زەیدی كاندید بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق هەژمار دەكرێت، لە كاتێكدایە زەیدی دەیەوێ بەسەر هێڵێك هەنگاو بنێت، نە واشنتن و نە تاران لە خۆی زویر بكات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د