ئەمەریكا بڵاوەپێكردنی چوار هەزار سەربازی لە ئەوروپا وەستاند

:: AM:10:51:14/05/2026 ‌
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا پرۆسەی بڵاوەپێكردنی زیاتر لە چوار هەزار سەربازی شەڕكەری وڵاتەكەی لە ئەوروپا وەستاند، كە پێشتر بڕیار لە ناردنیان بۆ ئەوروپا و بڵاوەپێكردنیان لەو ناوچەیە درابوو.

بە بڕوای شارەزایانی سەربازی، وەستاندنی بڵاوەپێكردنی ئەو چوار هەزار سەربازە لە ئەوروپا هەنگاوێكی لە ناكاو و شۆكهێنەرە بۆ ئەوروپا.

ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنال لە زاری بەرپرسێكی پنتاگۆنەوە بڵاوی كردووەتەوە، بڕیاری نەناردنی ئەو چوار هەزار سەربازە بۆ ئەوروپا، لە كۆبوونەوەی فەرماندەیی باڵای سەربازی ئەمەریكا لە ئەوروپا و ناوچەكانی تر دراوە.

چاوەڕوان دەكرا ئەو چوار هەزار سەربازە لە پۆڵەندا جێگیر بكرێن و بۆ ماوەی نۆ مانگ بمێننەوە، ئەمەیش وەك پرۆسەیەی ئاڵوگۆڕی سەربازانی ئەو وڵاتە و گەڕانەوەی بەشێكیان و ناردنی بەشێكی ترە تا شوێنیان بگرنەوە.

وۆل ستریت جۆرنال نووسیویەتی، بەشێك لە كەلوپەلی سەربازی ئەو چوار هەزار سەربازە بە كردەیی لە ڕێگەدابوون تا بگەیەنرێنە ئەوروپا، بەڵام ئەو بڕیارە لە ناكاوە تەنانەت بەشێك لە فەرماندەكانی سوپای ئەمەریكایشی تووشی سەرسوڕمان كردووە.

ناكۆكییەكانی ئەمەریكا و ئەوروپا لەوكاتەوە دەستی پێ كرد، وڵاتانی ئەوروپا ئامادە نەبوون هاوكاری ئەمەریكا لە شەڕی دژ بە ئێران بكەن، بگرە بەشێكیان بە توندیش دژی وەستانەوە و ڕێگەیان نەدا فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا ئاسمان و بنكە سەربازییەكانیان بەكار بهێنێت، ئەمەیش تووڕەیی زۆری واشنتن و ترەمپی لێ كەوتەوە و چەندان جار هەڕەشەی كشانەوەی لە ناتۆ كرد، بڕیاری كشانەوەی پێنج هەزار سەربازی ئەمەریكایشی لە ئەڵمانیا دەركرد.


وشە - باز ئه‌حمه‌د