مەزڵووم عەبدی: سەردانی ئەنكەرە دەكەم و رەنگە لەگەڵ ئۆجەلانیش كۆ ببمەوە

:: PM:12:08:14/05/2026 ‌
مەزڵووم عەبدی ڕای گەیاند، خەریكی ئامادەكارین بۆ سەردانیكردنی ئەنكەرە و رەنگە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلانیش كۆ ببمەوە.

لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتۆر) مەزڵووم عەبدی رای گەیاند،  "بەپێی ڕێككەوتنەكەمان لەگەڵ دیمەشق، هێزەكانی ئاسایش كە ژمارەیان نزیكەی 15 هەزار كارمەندە، لە ناوچە زۆرینە كوردییەكان دەمێننەوە و دەخرێنە سەر دامەزراوەكانی دەوڵەتی سووریا، هەروەها دەبێت بەڕێوەبردنی ناوخۆیی ئەو ناوچانەش بەدەست دانیشتووانەكەیەوە بێت.

فەرماندەی هەسەدە ئەوەشی خستەڕوو كە هێزەكانی سووریای دیموكرات، تا كۆتاهاتنی پرۆسەی تێكەڵبوونەكە دەمێننەوە و دواتر بەتەواوی هەڵدەوەشێنرێنەوە.

لەبارەی مووچە و داهاتیش، ئەو هێزانەی تێكەڵ كراون، مووچەكانیان لە حكوومەتی سووریاوە وەردەگرن، لە كاتێكدا بەڕێوەبەریی خۆسەر هێزەكانی تر لە ڕێگەی ڕسووماتەكانی سنوور، باج و بەشێك لە داهاتی نەوتەوە پارەدار دەكات.

عەبدی ڕای گەیاند، پێوەندییەكانیان چڕ كراوەتەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی تێكەڵبوون، لەگەڵ كۆتاهاتنی پرۆسەكەش ئەحمەد شەرع بانگێشتی ناوچەكە دەكەین. 

لە كۆتاییشدا ئاشكرای كرد كە ڕێككەوتن كراوە بۆ دووبارە كردنەوەی دەروازەی نسێبین كە بەهۆی ڕووداوێكی حەسەكەوە دوا خرابوو، بڕیارە بەمنزیكانە بكرێتەوە.

گوتیشی. ئێستە هاوئاهەنگی لەگەڵ توركیا هەیە، هیوادارین لە بەرژەوەندیی هەمووان بێت، توركیا دەیەوێ پێوەندییەكان باشتر بكرێت، بۆ ئەوەش رەنگە من سەردانی ئەنكەرە بكەم و ئەگەریش هەیە لەگەڵ ئۆجەلان كۆ ببمەوە.



وشە - سۆران عەزیز