باڵوێزی پێشووی ئەمەریكا لە عێراق، هۆشداریی دایە بەغدا یان دەبێت ببێتە هاوپەیمانی ئەمەریكا و وڵاتانی كەنداو، یان وەك پاشكۆیەك لەگەڵ ئێران بمێنێتەوە.
ئەلینا ڕۆمانۆسكی باڵوێزی پێشووی ئەمەریكا لە بەغدا، لە میانی بەشدارییەكیدا لە كۆنفرانسی گفتوگۆی "عێراق ٢٠٢٦” كە لەلایەن "ئەنجوومەنی ئەتڵەسی" دوێنێ ڕێكخرابوو، كۆمەڵێك پەیامی هەستیار و هۆشداریی توندی ئاراستەی حكوومەتی نوێی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد.
ڕۆمانۆسكی ڕای گەیاند، ئیدارەی ترەمپ فشارەكان بۆ سەر بەغدا چڕتر دەكاتەوە، بۆ ئەوەی لە نێوان جەمسەربەندییە هەرێمییەكاندا یەكێك هەڵبژێرێت. دووپاتیشی لەوە كردەوە كە كاتی بێلایەنیی عێراق كۆتایی هاتووە و ئیدارەی نوێی ئەمەریكا بژاردەیەكی توندی خستووەتە بەردەم بەغدا: "یان دەبێت عێراق ببێتە هاوبەشی ستراتیجی ئەمەریكا و وڵاتانی كەنداو، یان وەك دۆست و پاشكۆی ئێران بمێنێتەوە.”
باڵوێزی پێشووی ئەمەریكا ئاماژەی بەوە كرد، پێگەی جیۆگرافی عێراق هەلێكی زێڕینە و دەكرێت ببێتە پردێكی سەرەكی بۆ گواستنەوەی وزە و كاڵا بۆ ئەوروپا، بەڵام چەند مەرجێكی بۆ سەركەوتنی ئەم پرۆسەیە دانا:
لەوانە عێراق دەبێت بەپەلە كار بۆ دابینكردنی وزەی ناوخۆیی بكات بۆ پاراستنی سەروەرییەكەی، پێویستە بەغدا هاوپەیمانی ئابووریی بەهێز لەگەڵ توركیا، ئوردن و وڵاتانی كەنداو پێكبهێنێت.
ڕۆمانۆسكی هۆشداریی دا، تاران بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدات ڕێگریی بكات لەوەی عێراق ببێتە هێزێكی ئابووری سەربەخۆ لە ناوچەكەدا و گوتیشی، عێراق لە ناوخۆدا بەدەست كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان پێكهاتەكان (كورد، سوننە و شیعە) دەناڵێنێت.
هۆشداریشی دا كە بەهۆی ئەو لێكترازانە ناوخۆییانە و كاریگەرییە دەرەكییەكان، عێراق كەمترین ئامادەیی هەیە بۆ بەرگەگرتنی هەر ململانێیەكی درێژخایەن كە ڕەنگە لە ناوچەكەدا ڕوو بدات.