عەباس عێراقچی: گەرووی هورمز كراوەیە

:: PM:05:57:14/05/2026 ‌
ئەمڕۆ دووەم رۆژی سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكایە بۆ چین، ئەو لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە لەبارەی ئێران گفتوگۆیان كرد و لەسەر ئەوە كۆك بوون كە نابێت ئێران دەستی بە چەكی ئەتۆمی بگات، ترەمپ لە رێگەی پەكینەوە پەیامی خۆی گەیاند و جارێكی ئێرانی لە نێوان كردنەوەی گەرووەكە و سزای زۆر قورستر سەرپشك كرد، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت گەرووەكە كراوەیە.

ئەمڕۆ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە كۆمەڵەی برێكس گوتی، رێگەچارە سەربازییەكان لە مامەڵكردن لەگەڵ كێشەكانی پێوەندیدار بە ئێران سەركەوتوو نابن، گەلی ئێران هەرگیز ملكەچی گوشار و هەڕەشەكان نابێت، ئێران ئامادەیە بۆ شەڕ و بەگریكردن لە ئازادی و خاكەكەی، هاوكات پاڵپشتی لە رێگەچارەی دیپلۆماسی دەكات.

دووپاتی كردەوە، هێزە چەكدارەكانی ئێران ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەیەكی وێرانگەر، ئەگەر هێرشی بكرێتە سەر، ئەگەرچی گەلی ئێران هەوڵ بۆ ئاشتی دەدات و خواستی شەڕی نییە، عێراقچی دووپاتی لەوە كردەوە كە گەرووی هورمز لەبەردەم هەموو كەشتییە بازرگانییەكان كراوە دەبێت بێ هیچ بەربەست و كۆتێك كە رێگری لە هاتوچۆی دەریاوانی بكات، بەو مەرجەی هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزی دەریاوانیی ئێران بكرێت، ئەوەش وەك رێوشوێنێكی رۆتینی بۆ مسۆگەریی سەلامەتی و ئاسایشی تێپەڕبوون بە گەرووە ستراتیجییەكە.

شایەنی باسە ئەمڕۆ نرخی نەوت بەهۆی هەواڵەكانی تێپەڕبوونی 30 كەشتی نەوتبەر بە گەرووی هورمز لە چەند سەعاتی رابردوو دابەزی، كاتێك ئاژانسی "فارس"ی نیوچە فەرمیی ئێران لە سەرچاوەیەكی گواستەوە كە ئێران دەستی كردووە بە رێگەدان بە تێپەڕبوونی هەندێك كەشتی چینی، رای گەیاند، ئەوەش وای كرد نرخی بەرمیلێك نەوت لە دنیا بە رێژەی 1.2% دابەزێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل