ئەنەكەسە كاندیدانی بۆ ئەنجوومەنی گەلی سووریا دیاری دەكات

:: PM:08:48:14/05/2026 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم ئەنجوومەنی كورد لە سووریا كاندیدانی خۆی بۆ ئەنجوومەنی گەلی سووریا لە سێ ناوچەی پارێزگای حەسەكە دیاری كرد، وەك ئامادەسازییەك بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەكە.

سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە ئەمینداریەتیی ئەنەكەسە گوتی، لە كۆبوونەوەیەك لە شاری قامیشلۆ بە ئامادەبوونی 68 ئەندام، نوێنەرانی ئەنجوومەنەكە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەلی سووریا، پەرلەمان، لەسەر پارێزگای حەسەكە دیاری كران، كاتێك ئەنجوومەنەكە هەریەك لە فەسلە یووسف لەسەر ناوچەی حەسەكە و رەزوان سەیدۆ لەسەر قامیشلۆ و فەرحان مەرعی لەسەر ناوچەی دێرك دیاری كران.  

سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە كە ئەنەكەسە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەلی سووریا دەكات، ئەوەش لە رێگەی پێشكەشكردنی كاندیدانی بەپێی ژمارەی كورسییەكانی بۆ كورد لە پارێزگای حەسەكە دیاری كراون.

بەپێی زانیارییەكان بڕیارە ئەنەكەسە لەگەڵ پەیەدە كۆ دەبێتەوە بۆ سازان و رێككەوتن لەسەر پێشكەشكردنی كاندیدانیان بۆ ئەو هەڵبژاردنە، لەوكاتەی پێشبینی دەكرێت كورد لەو هەڵبژاردنە چوار كورسی لە كۆی نۆ كورسی پارێزگای حەسەكە بەدەست بێنن، دوویان بۆ ئەنەكەسە و دووەكەی تر بۆ پەیەدە.

شایەنی باسە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەلی سووریا لە پێنجی تشرینی یەكەمی 2025 لە سووریا بەڕێوە چوو، بەڵام لە ناوچەكە كوردییەكان و پارێزگای سوێدای درووزنشین ساز نەكرا، لەو هەڵبژاردنە 126 ئەندام لە كۆی 210 ئەندامی ئەنجوومەنەكە لە رێگەی هەڵبژاردن دیاری كران، 70ی راستەوخۆ لە لایەن سەرۆكی سووریا دیاری كران و ئەوانیتر بە بەتاڵی ماونەتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل