ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم 14ی ئایاری 2026، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پێشوازیی لە پێکهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی کرد، لە هەمان کاتیشدا داوای لە سەرۆک وەزیران کرد کە لەم "قۆناغە هەستیارە"ی ناوچەکەدا پێیدا تێپەڕ دەبێت، "هەنگاوی ڕژد و کرداری" بنێت.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا کە دەست "وشە" کەوتووە، ڕای گەیاند، پێشوازی لە حكوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی دەکەین، کە ئەمڕۆ دوای وەرگرتنی متمانەی پەرلەمانی عێراق دەستی بە کارەکانی کردووە، هیوای سەرکەوتنیش بۆ سەرۆک وەزیران زەیدی دەخوازین لەم ئەرکە یەکلاکەرەوەیەدا.
لە بەیاننامەکەدا زیاتر هاتووە، هیوادارین حكوومەتی نوێ، بەپێی ئەجێندایەکی ئەرێنی لەم قۆناغە هەستیارەی ناوچەکەماندا، هەنگاوی ڕژد بەرەو سەقامگیریی عێراق، گەشەسەندن و تێکەڵبوونی لەگەڵ ناوچەکەدا بنێت. ئێمەش وەک تورکیا بەردەوام دەبین لە پێشکەشکردنی پاڵپشتیی پێویست بۆ هەوڵەکانی عێراق لەم ئاراستەیەدا. هەروەها دووپاتی کردەوە، جارێکی تر پابەندبوونمان بە بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ عێراقی جیرانمان کە پێوەندییەکی ڕەگداکوتراو بەیەکەوەمان دەبەستێتەوە، لە تەواوی بوارەکاندا بۆ قۆناغی داهاتوو دووپات دەکەینەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پیرۆزباییی لە زەیدی کردبوو بەبۆنەی ڕاسپاردنی بۆ پێکهێنانی حكوومەتی نوێ، و هیوای خواستبوو ئەم پێشهاتە مایەی خێر بێت بۆ گەلی عێراق. لە هەمان کاتدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا، بەفەرمی بانگهێشتی زەیدی کردبوو بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا سەردانی تورکیا بکات.
جێی باسە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەم، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی دا بە پێدانی متمانە بە حكوومەتەکەی زەیدی و کارنامە وەزارییەکەی. بەپێی زانیارییەکان، پەرلەمان دەنگی بە 14 وەزیر داوە، لە کاتێکدا دەنگدانی لەسەر چەند وەزارەتێکی تر بۆ دانیشتنەکانی داهاتوو دواخستووە.