ترەمپ: کێشەم نییە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بۆ 20 ساڵ ڕابگیرێت

:: PM:02:28:15/05/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 15ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاند، لاریی نییە لەوەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بۆ ماوەی 20 ساڵ هەڵپەسێردرێت، بەو مەرجەی پابەندبوونێکی ڕاستەقینە هەبێت.

ترەمپ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دووپاتی کردەوە، سەرۆکی چین دژایەتیی خۆی بۆ بوونی چەکی ئەتۆمی بەدەست ئێرانەوە نیشان داوە. ئاماژەی بەوەش دا کە هیچ بەڵێنێکی بە هاوتا چینییەکەی نەداوە سەبارەت بە دۆسیەی تایوان، و هیچ شتێکیشی لێ داوا نەکردووە کە پێوەندی بە ئێرانەوە هەبێت، یان فشار بخرێتە سەر تاران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز.

هەروەها گوتی، 80%ی توانای مووشەکیی ئێران لەناو براوە. ئاماژەی بەوەش دا کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕیار دەدات سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکان لەسەر ئەو کۆمپانیا چینییانەی نەوتی ئێران دەکڕن، و لە کاتی ئێستەدا لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە دەکات.

لە کۆتاییدا ڕوونی کردەوە کە لە میانەی گفتوگۆکانیدا لەگەڵ لایەنی چینی، بە هیچ شێوەیەک باسی دۆسیەی چیپە ئەلیکترۆنییەکان نەکراوە.


وشە - پۆڵا مەحموود