ئەمڕۆ هەینی 15ی ئایاری 2026، کوتلەی گرێبەستی نیشتمانی سەر بە فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و بزووتنەوەی سۆمەرییەکان بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد ئەسەدی وەزیری پێشووی کار، کشانەوەی خۆیان لە هاوپەیمانیی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی پێشوو ڕاگەیاند، هۆکارەکەشیان بۆ پەراوێزخستن و دوورخستنەوەیان گەڕاندەوە.
لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا هەردوو کوتلەکە ڕایان گەیاند، کشانەوەکەیان بەهۆی ئەو ڕووداوانەی دانیشتنەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوەیە، کە پێچەوانەی ڕێککەوتنە سیاسییەکان بووە و پەیمانەکان شکێنراون. هەروەها ئاماژەیان بەوە داوە کە شێوازی دوورخستنەوە و پەراوێزخستن بەرانبەر بە ژمارەیەک لە نوێنەرانی گەل بەکار هێنراوە، کە لەگەڵ پرەنسیپەکانی دیموکراسی و گیانی هاوبەشیی نیشتمانیدا ناگونجێت.
ڕاگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە هەوڵێک هەیە بۆ زەوتکردنی مافە دەستوورییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە سیاسییەکان بە عەقڵیەتی یەکلاکردنەوەی کێشە کەسییەکان و پێشخستنی بەرژەوەندیی تاکەکەسی. ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی پشێوی لە ناو پەرلەمان، و سەرۆکایەتیی کوتلەی ئاوەدانکردنەوەیان بە بەرپرسیار زانی.
هەردوو کوتلەکە بڕیاریان داوە پێوەندییان بەو کوتلەیەوە بپچڕێنن و لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری تردا کار بکەن بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نوێی نیشتمانی کە بەمنزیکانە ڕادەگەیەنرێت، کە ئامانجی پاراستنی مافی هاووڵاتییان و سەروەریی یاسایە دوور لە پشکپشکێنە.
دوێنێ پێنجشەم، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی بە حكوومەتەکەی عەلی فالح زەیدی بەخشی و دەنگ بە 14 وەزیر درا، لە کاتێکدا دەنگدان لەسەر نۆ وەزارەتی تر بۆ دوای پشووی جەژنی قوربان دواخرا. ئەمەش بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان و هۆشداریی ئەمەریکا لە بەشداریکردنی گرووپە چەکدارەکان لە پێکهاتەی حكوومەتی نوێدا.